هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەستی بە كۆبوونەوە كرد بۆ راگەیاندنی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی و دیاریكردنی پێوەر و دانانی مەرج و تایبەتمەندییەكانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق، سەرچاوەیەك باسی كۆبوونەوەیەكی گرنگی هێزە شیعەكان لەم هەفتەیە دەكات.
بەپێی
سەرچاوەكە، لەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكات و تاوتوێی ناوی 15 كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكات، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و سەرۆك وەزیران و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی سوودانی بەڕێوە دەچێت، لە دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە سبەی بگاتە هەولێر.
لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەت و لیستی ناوی كاندیدان بۆ سەرۆكایەتیكردنی و لێكگەیشتنی سەرەتایی لەبارەی ئەوانە و هاوپەیمانیەتی سیاسی و حزبی بۆ خێراكردنی راگەیاندنی حكوومەتی نوێ دەكرێت، دووپاتی كردەوە لە نێوان ئەو 15 كاندیدەی هەن، كێبەركێ لە نێوان سوودانی و شەتری هەیە و رەنگە ئەوانەش بۆ ناوی نوێ بگۆڕێن، بەڵام سوودانی چانسی گەورەی هەیە، چونكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێت، بەو مەرجەی لە ناو چوارچێوەكە بمێنێتەوە و لە كۆبوونەوەكە باسی هەموو ئەوانە دەكرێت.