بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی ڕای گەیاند، لە 16ـی تشرینی دووەم، ئەو هێزانەمان كە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو، كشاندمانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەكان. دەشڵێت: لەو باوەڕەداین ئەم هەنگاوە هاوكاریی چارەسەری پرسی كورد و ئاشتی لە توركیا دەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی، لە چوارچێوەی بانگەوازیی ئاشتی كۆمەڵگەی دیموكراتیكی ئۆجەلاندا بۆ چارەسەریی پرسی كورد و پەرەپێدانی پرۆسەكە، هەنگاوێكی تری نا و ڕاگەیەنراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی تەڤگەری ئازادیی كوردستان بەمشێوەیەیە:
"لە بەیاننامەكەی 26ـی تشرینی یەكەمماندا كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی ڕاگەیەنرا و بە ئامادەبوونی 25 گەریلامان، كە لە سنوورەكانی توركیاوە كشاونەتەوە بۆ هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا.
ڕامان گەیاندووە كە لەو شوێنانەی مەترسیی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر.
لەو كاتەوە بە پشتبەستن بەو كارانەی ئۆرگانەكانی پێوەندیدار ئەنجامیان داوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێكی گرنگ.
لە ئێوارەی 16ـی تشرینی دووەم، هێزەكانمان لە هەرێمی زاپ كە مەترسی شەڕی تێدابوو، كشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەكان. لە دۆخی ئێستەدا مەترسیی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێكراودا بە تەواوی نەماوە.
دوای كشانەوەی هێزەكانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لە ناو سنوورەكانی توركیاوە، ئەم خۆگونجاندن و كشانەوەیە لە هەرێمی زاپ، بووەتە بەشدارییەكی كردەنیی گرنگ لە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەكە پێشان دەدات. لەو باوەڕەداین كە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەری پرسی كورد و ئاشتی و دیموكراتیزەكردنی توركیا دەكات.