بڕیارە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم بە كاتی نیویۆرك، دەكاتە نیوەی شەو بە كاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی ئەمەریكا لەبارەی وەستانی شەڕ لە غەزە و پڕۆژەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بدات كە لە 20 خاڵ پێك هاتبوو، واشنتن گوشارێكی زۆر دەكات و پێشبینی دەكرێت پڕۆژەكە بێتە تێپەڕكردن.
لە سایەی ئەو گوشارە زۆرەی هەریەك لە
ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو دەیكەن، پێشبینی دەكرێت پڕۆژەبڕیارەكەی ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش تێپەڕ بێت، لەو ناوەدا هەریەك رووسیا و چین تەنیا دەنگ بە پڕۆژەكە نەدەن و ڤیتۆی بەرانبەر بەكار نەهێنن، جیا لە دەنگنەدانی جەزائیر بە پڕۆژەكە، لەوكاتەی ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی وەك میسر و سعوودیە و قەتەر و ئوردن و ئیمارات و ئیندۆنۆسیا و پاكستان و توركیا پێشتر پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆژەكەی ئەمەریكا راگەیاندبوو، ئەو پڕۆژەی ئەمەریكا بە راوێژ و هاوكاریی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی ناوچەكە دایڕشتووە.
بەپێی زانیارییەكان پڕۆژەكەی ئەمەریكا باسی پلانێكی فرەوان و مێژوویی بۆ كۆتاهێنانی بە ململانێی غەزە دەكات، واتە پلانەكەی ترەمپ كە لە 29ی سێپتێمبەری رابردوو خستییە روو و دەسەڵاتی فەلەستینی پاڵپشتی لێ دەكات، باسی پێكهێنانی ئیدارەیەكی كاتی بە ناوی ئەنجوومەنی ئاشتی تا 2027 دەكات و ئەگەری درێژكردنەوەی زیاتریشی هەیە، ئەو ئیدارە لێپرسینەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان نایگرێتەوە و رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی فەرامۆش دەكات، گرووپە چەكدارە فەلەستینییەكانیش بە مەترسیداری وەسف دەكەن.