هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامە بەراییەكان هاتنە راگەیاندن، تا ئاستێكی زۆر هێزە سیاسییە بەشدارەكان سەنگ و قەبارەی دەنگ و كورسییەكانیان زانی، هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان گفتوگۆی پێكهێنانی گەورەترین بارستە و حكوومەت دەستی پێ كردووە.
فەلاح مەشعەل نووسەر و شارەزای سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو سەختترە، لە هەڵبژاردنی پێشوو یەك گرێیان هەبوو، ئەویش موقتەدا سەدر و رەوتەكەی بوو، بۆیە سێیەكی پەكخەریان لە پەرلەمان دروست كرد و كۆتاییان بە كێشەكە هێنا.
روونی كردەوە، ئەمڕۆ لایەنە سوننەكان دابەش بوونە سەر محەمەد حەلبووسی و موسەنا سامەرایی و خەمیس خەنجەر و حەسم، دەكرێ سامەرایی و خەنجەر رێك بكەون و لەگەڵ حەسم هاوپەیمانیەتێكی گەورەتر لە حەلبووسی پێك بێنن و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان لەگەڵ سوودانی بكەونە گفتوگۆ و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سێیەكی پەكخەر دروست بكەن، ئەوە ئەگەر سوودانی توانی لایەنێكی تری شیعەی زیاتر لە 10 كورسی بە پاڵپشتیكردنی رازی بكات.
مەشعەل باسی سیناریۆیەكی تر دەكات، حەلبووسی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێك بكەوێت و پارتیش بچێتە پاڵ ئەوانەوە و زۆرینەی پەرلەمانی دروست بكەن و دۆخەكە یەكلا بكەنەوە و پۆستەكان لەسەر بنەمایەكی بەشبەشێنە دابەش بكەن، هەرچی بارستەكەی سوودانی و هێزەكانی ترە، یان پێوەندیی بەوانەوە دەكەن، واتە چوارچێوە و حەلبووسی و پارتی، یان بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون لە پەرلەمان دەچن و بەرەیەكی بەهێزی بەرهەڵستكار پێك دێنن.
ئەو نووسەرە لە كۆتایی دەڵێت، رەنگە بابەتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و سیناریۆی تر بێتە پێشەوە، بەڵام پڕۆژەی پێكهێنانی حكوومەت لە سێكوچكەی شیعە و سوننە و كورد تێپەڕ نابێت، رەنگە حەلبووسی نەبێت و سامەرایی و خەنجەر و حەسم شوێنی ئەو بگرنەوە، واتە لە شیعە چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان سوودانی و لە سوننەش حەلبووسی یان سامەرایی و خەنجەر و حەسم و لە كوردیش پارتی دیموكراتی كوردستان.