چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سوودانی كۆ دەبێتەوە

:: PM:07:49:17/11/2025 ‌

وەك چاوەڕوان دەكرا و لە هەندێك لە میدیاكان بڵاو كرایەوە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە، ئەوەش بەر راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و هاتنی سوودانی بۆ هەرێمی كوردستان.

وەك فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەیاننامەیەكی كورت بڵاوی كردەوە، ئێواری ئەمڕۆ دووشەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران بۆ تاوتوێكردنی قۆناغی دوای هەڵبژاردن و دانانی نەخشەرێگەیەك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەشێوەی سازانی هەمووان كۆ بوونەوە.  

بەپێی زانیارییەكان ناو ماڵی شیعە دابەشبوونێكی گەورە بەهۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی لەبارەی مانەوە و نەمانەوەی سوودانی لە پۆستەكەی و دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، كۆبوونەوەكەش بەر لە ماوەیەكی كەم لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دێت.

پێشتر سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكات و تاوتوێی ناوی 15 كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكات، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و سەرۆك وەزیران و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی سوودانی بەڕێوە دەچێت، لە دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە سبەی بگاتە هەولێر. 

لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەت و لیستی ناوی كاندیدان بۆ سەرۆكایەتیكردنی و لێكگەیشتنی سەرەتایی لەبارەی ئەوانە و هاوپەیمانیەتی سیاسی و حزبی بۆ خێراكردنی راگەیاندنی حكوومەتی نوێ دەكرێت، دووپاتی كردەوە لە نێوان ئەو 15 كاندیدەی هەن، كێبەركێ لە نێوان سوودانی و شەتری هەیە و رەنگە ئەوانەش بۆ ناوی نوێ بگۆڕێن، بەڵام سوودانی چانسی گەورەی هەیە، چونكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێت، بەو مەرجەی لە ناو چوارچێوەكە بمێنێتەوە و لە كۆبوونەوەكە باسی هەموو ئەوانە دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل