هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و دوێنێ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە هاتە راگەیاندن، ئەوەی تێبینی دەكرێت سەرەڕای گوشار و هەڕەشەكانی ئەمەریكا و لاوازیی هەژموونی ئێران لە دوای هێرشەكانی حوزەیرانی رابردوو، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدانی سەر بە میلیشیاكان و هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران سەركەوتن.
بەپێی ئامارەكان نزیكەی 80 كاندیدی سەر بە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران بۆ پەرلەمانی نوێی عێراق سەركەوتن، ئەوەش بەرزترینە لەوەتەی 2003، لەوكاتەی نەهێشتنی میلیشیاكان و داماڵینی چەكیان مەرجێكی سەرەكیی ئەمەریكا بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ مامەڵە و پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن، كاتێك مارك ساڤایا نێردراوی ئەمەریكا بۆ عێراق دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی رێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراق نادات و ئەمەریكا لە دژی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق كار دەكات.
ئەو میلیشیایانەی كە لەو هەڵبژاردنە كاندیدەكانیان سەركەوتن بریتین لە عەسائیب ئەهلولحەق و رێكخراوی بەدر و لیستی حقووقی سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵا و سەنەد باڵی سیاسیی میلیشیای جوندولئیمام و خەدەماتی سەر بە میلیشیای ئیمام عەلی و لیستی تریش، ئەوانە لە پاڵ ژمارەیەك لە كاندیدی تری سەربەخۆی هاوشێوەیان، بارستەیەكی گەورەی نزیك لە ئێران لە پەرلەمان دروست دەكەن.
عەبدولغەنی غەزبان توێژەری سیاسی دەڵێت، بەپێی ژمارەكان زیاتر لە 80 كاندیدی براوەی میلیشیاكان هەیە و بە لێوردبوونەوەی زیاتر نزیكەی 100 كاندیدی براوە وەك بیروباوەڕ بڕوایان بە ویلایەتی فەقێكان هەیە و زۆرینەیان سەر بە میلیشیاكانن.
سەبارەت بە كاریگەریی ئەوەش لەسەر هەڵوێستی ئەمەریكا گوتی، ئەمەریكا دەست لە بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پرۆسەی سیاسی لە عێراق وەرنادات، ئەوەی لای گرنگە پاراستنی بەرژەوەندییە سەربازی و مەدەنییەكانیەتی لە عێراق و ناوچەكە، هەروەها دووركەوتنەوەی میلیشیا و پەرلەمانتارەكانیان لە دروستكردنی كێشە بۆ بوونی لە عێراق، بەتایبەتی لە حاڵەتی دروستبوونی ئاڵۆزی پێوەست بە ئیسرائیل و ئێران.