كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: ژمارەی تانەكان گەیشتووەتە 130

:: PM:08:55:19/11/2025 ‌

هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەم هەفتەیەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكەی راگەیاند، هاوكات دەرگەی تانەدانی لە ئەنجامی كۆتایی دەنگدان واڵا كرد و گوتەبێژی كۆمسیۆن ئاشكرای دەكات كە تا ئێستە 130 تانە تۆمار كراوە.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، ئەنجامە سەرەتاییەكان لە دوای 24 سەعات لە داخستنی وێستگەكان هاتە راگەیاندن، دوای ئەوە كۆمسیۆن سكاڵاكانی وەرگرت و زیاتر لە 100 سكاڵا تۆمار كرا، بەڵام سكاڵای سووریان تیادا نەبوو و ئەنجامەكان گۆڕانكارییان بەسەردا نەهات.

ئەمڕۆ چوارشەم جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكی كورت گوتی، ژمارەی تانەكان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق بۆ 130 تانە بەرز بووەتەوە.

شایەنی باسە كۆمسیۆن لە شەوی دووشەمی رابردوو ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی راگەیاند و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگەی بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان واڵا كرد، كە رەوانەی دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن دەكرێن و دوای بینینیان ئەنجامەكان رەوانەی كۆمسیۆن دەكرێنەوە، ئینجا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكرێت بۆ پەسندكردنی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل