ناكۆكیی شیعەكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران توند بووە و مالیكی و عامری سەردانی هەولێر دەكەن

:: AM:09:08:20/11/2025 ‌
كێشەكانی ناو هێزە شیعییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێ و رێكخراوی بەدریش رای گەیاند، نابێت سوودانی جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەپێی زانیارییەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، عامری و مالیكی سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن.

بەپێی راپۆرتێكی سایتی "شەرق"، سەرجەم هێزە گەورەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دژی سوودانین و رێگە نادەن جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە.

ڕێكخراوەكەی هادی عامری كە خاوەنی 20 لیوایە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، زۆر بەتوندی دژی سوودانی وەستاوەتەوە و ڕای دەگەیەنێت، "پێویستە سوودانی لەسەر كورسیی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران دانەنیشێتەوە". دەشڵێت، "وەزارەتی ناوخۆ لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەبێت پشكی ئێمە بێت".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیاكانی راگەیاندووە،  نووری مالیكی و هادی عامری بە نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەكان، سەردانی هەولێر دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و وەرگرتنی رەزامەندیی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی كۆ دەبنەوە.

ڕێكخراوی بەدر پێداگریی لە بەدەستهێنانی وەزارەتی ناوخۆ لە حكوومەتی داهاتوو دەكات‌، هاوكات ڕێگریی لە دووبارە كاندیدكردنەوەی سوودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات.

ڕێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، خاوەنی 20 لیوایە لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەزاران چەكداری هەیە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق 19 كورسی بەدەست هێناوە.

هاوكات بەها ئەعرەجی كەسی نزیك لە سوودانی رای گەیاندووە، دیاریكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە عێراقدا تەنیا پرسێكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو بۆچوونی ئەمەریكا و ئێرانیش لەسەر ئەو پرسە هەمیشە بە هەند وەردەگیرێن.

 بەها ئەعرەجی بۆچوونی وایە، "ئێران لەگەڵ حكوومەتەكەی سوودانی ئاسوودەیە و ئەمەریكاش لە سەردەمی سوودانیدا زۆر هاوكار بووە و ئەوە پێشانی دەدات سوودانیان لە هەموو كەس پێ باشترە.

بەپێی بەدواداچوونی رۆژنامەوانیی عەرەبی ئەگەر سوودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا نەبوایە، هەرگیز ئەو رێژە زۆرەی كورسیی بەدەست نەدەهێنا، ئەمە وایكردووە بجارێكی تر شیعەكان  بەمەرج كەسێك لەو پۆستە دابنێن.

مەرجی لایەنە شیعییەكان ئەوەیە ئەو كەسەی لەسەر حیسابی ئەوان پۆستەكە وەردەگرێت، لە هەڵبژاردن خاوەنی لیست و هێز و هاوپەیمانی نەبێت و كەسێك بێت لە نێوان هەموویاندا بێلایەن بێت.

پێ دەچێت هەڵبژاردنی كەسێك لەلایەن شیعەكانەوە ئەمجارە ئاسان نەبێت و پێكهێنانی حكوومەت ماوەیەكی زۆری پێ بچێت، هاوكات تا ئێستەش سوننەكان لەسەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رێكنەكەوتوون، تەقەدوم وەك هێزی یەكەم بەمافی خۆی دەزانێت ئەو پۆستەی پێشتر لای ئەو بوو پێی بدرێتەوە.

كوردیش لەم كێشەیە بەدەر نییە و هێشتا هیچ گفتوگۆیەكیان لە نێوان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی كۆمار نەكردووە، پێدەچێت پارتی بەمەرج ئەو پۆستە بداتەوە بە یەكێتی.



وشە - سۆران عەزیز