لە پەرەسەندنێك كە واشنتنی پایەتەختی ئەمەریكا هەژاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كتوپڕ واژووی لەسەر بڕیارێكی مێژوویی كرد بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكانی جیفری ئیپستین كارسازی تۆمەتبار بە بازرگانی و ئەنجامدانی تاوانی سێكسی كە دەیان سیاسەتوان و كەسایەتیی ئەمەریكی و دنیای تێوە گلاوە، ئەو هەنگاوەش ئەگەر بنرێت، دەبێتە هۆی كەوتنی ناوی گەورە لە واشنتن كە لەو بارزگانییە و ئەو تاوانەدا تێوەگلاون.
ئەو بڕیارە شۆكهێنەرە هەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەری كۆكبوون و بە كۆی دەنگ بڕیارێكیان بۆ ئاشكراكردنی لێكۆڵینەوەكان لەو دۆسیەیە دەركرد، بەوەش دەرگە لەبەردەم گەورەترین پرۆسەی ئاشكراكردنی نهێنی كایەی سیاسیی ئەمەریكا لە ماوەی چەندان ساڵ واڵا دەكرێت، سەرچاوەیەك لە كۆنگرێس ئاماژە دەكات كە بڵاوكردنەوەی ئەو لەڵگەنامانە، كە ژمارەیان 50 هەزارە، مێزەكە بەسەر دەستەبژێرێك لە دیارترین كەسایەتیی سیاسی و دارایی ئەمەریكا ئاوەژوو دەكاتەوە، یەكەم ناویش كە دەكەوێت لاری سامرز وەزیری پێشووتری گەنجینەیە، كە دوای ئاشكرابوونی نامەكانی لەگەڵ ئیپستین و تۆمەتباركردنی بەفەرمی وازی لە هەموو شت هێنا.
پێشتر
ترەمپ دیموكراتەكانی بە گەورەكردنی بابەتەكە تۆمەتبار دەكرد، ئێستە گەڕاوەتەوە و تۆپەكەی هاوێشتووەتە ناو یارگەی چەند كەسایەتیەكی دیاری حزبەكە وەك بیل كلینتۆن و كیم جیفری، دیموكراتەكانیش دەڵێن ناوی ترەمپ چەند جارێك لە بەڵگەنامەكان هاتووە، لەوانەی تا ئێستە ئاشكرا بوونە، بۆیە ئێستە تۆپەكە لە یارگەی وەزارەتی داد و نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدرالییە، كە 30 رۆژیان لەپێشە بۆ چارەسەركردنی ئەو بڕە زۆرەی داتاكان.
ئێستە واشنتن خۆی بۆ رەشەبا ئامادە دەكات و لەبەردەم تۆپەڵە بەفرێكە دەستی بە جووڵانەوە كردووە، ئەگەری هەیە ئەوەش دێت چەندان كەسی دیار لە گۆڕەپانی سیاسی و دارایی ئەمەریكا بكەوێنێت، كە ساڵانێكە رۆڵی گەورەیان لەو وڵاتە هەبووە، ترەمپ دوای چەند مانگێك لە خۆدزینەوە لە ئاشكراكردنی ئەو بەڵگەنامانە، دواجار خۆی رادەستی گوشارەكانی سیاسی بووەوە و بڕیاری دا بەڵگەنامەكانی ئاشكرا بكرێن.