كۆمسیۆن: زیاتر لە 800 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراوە

:: PM:06:33:20/11/2025 ‌

هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەم هەفتەیەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكەی راگەیاند، لە سێشەمەوە دەرگەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كرایەوە و گوتەبێژی كۆمسیۆن ئاشكرای دەكات كە زیاتر لە 800  تانە تۆمار كراوە.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، ئەنجامە سەرەتاییەكان لە دوای 24 سەعات لە داخستنی وێستگەكان هاتە راگەیاندن، دوای ئەوە كۆمسیۆن سكاڵاكانی وەرگرت و زیاتر لە 100 سكاڵا تۆمار كرا، بەڵام سكاڵای سووری تیادا نەبوو و ئەنجامەكان گۆڕانكارییان بەسەردا نەهات.

ئەمڕۆ پێنجشەم جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ژمارەی تانەكان تا ئێستە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق دراون گەیشتووەتە زیاتر لە 800 تانە و تا ئێستە نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەندێك لە پارێزگاكان لە رەوانەكردنی تانەكان بەردەوامن.

روونی كردەوە، هاوكات كاركردن لەسەر لێوردبوونەوە لە تانەكان بەپێی رێوشوێنە یاساییە بەركارەكان بەردەوامە.  

شایەنی باسە كۆمسیۆن لە شەوی دووشەمی رابردوو ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی راگەیاند و سێشەم بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگەی بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان واڵا كرد، كە رەوانەی دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن دەكرێن و دوای بینینیان ئەنجامەكان رەوانەی كۆمسیۆن دەكرێنەوە، ئینجا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكرێت بۆ پەسندكردنی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل