ئێران لە رێككەوتننامەی قاهیرە پاشەكشە دەكات

:: PM:06:59:20/11/2025 ‌


ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە رێككەوتننامەی هاریكاری واژووكراو لە قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كۆتای هاتووە، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر بڕیاری دوایی ئاژانسەكە كە داوا لە ئێران دەكات بە زوویی زانیاری لەبارەی ئەمباری لە یۆرانیۆمی پیتێنراو و وێستگە ئەتۆمییە بۆردمانكراوەكانی بە ئاژانسەكە بدات.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەوبارەوە گوتی، تاران پەیامێكی فەرمی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی كردووە بۆ كۆتهێنان بە رێككەوتننامەی قاهیرە بۆ هاوكاری لەگەڵ ئاژانسەكە، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەی بڕیاری دوایی ئاژانسەكە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی كە لە 35 دەوڵەت پێك هاتووە، لە دانیشتنێكی داخراودا بڕیارێكیان دەركرد و داوایان لە ئێران كرد بێ دواكەوتن زانیاری لەبارەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی و وێستگە ئەتۆمییە بۆردمانكراوەكانی بە ئاژانسەكە بدات، لەوكاتەی ئێران وریایی لەبارەی دەركردنی بڕیارەكە دابوو بەوەی بە نەرێنی كار لە هاریكاری لەگەڵ ئاژانسەكە دەكات. 

لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی نێوان تاران و واشنتن وەستاوە، لە بری ئەوە گفتوگۆی ئێران و ترۆیكای ئەوروپا دەستی پێ كرد و ئەویش بێ ئاكام بوو، ئەمڕۆش ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی بڕیارێكی لە دژی ئێران دەركرد، بەوەش خەریكە هەموو هەلەكانی بەردەم ئێران بەرەو نەمان دەچن و دۆخەكە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو راپۆرتانەی باسی ئەوە دەكەن ئێران بە یارمەتیی رووسیا و چین بەرنامە ئەتۆمییەكەی بنیات ناوەتەوە و وێستگەی نوێ و پارێزراوتری ئەتۆمی دروست كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل