تا دێت گوشارەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا لەسەر لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوە لە كۆتایی ساڵ، كە وادەی دیاریكراوە بۆ داماڵینی چەكی حزبەكە لە لایەن سوپای لبنانەوە، كەچی حزبوڵا رەتی دەكاتەوە و هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی دەكات، شیعەی لبنان پەیامێك لەوبارەوە بۆ بەرپرسانی ئێران رەوانە دەكەن.
بەم دواییە پەرلەمانتار
عەلی حەسەن خەلیل یاریدەدەری سیاسیی نەبی بەری سەرۆكی پەرلەمانی لبنان و سەرۆكی بزاوی ئەمەلی شیعە سەردانی ئێرانی كرد، ئەگەرچی ئەو بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەك لە تاران رۆیشتووە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان پەیامێكی لە بەری بۆ ژمارەیەك سەركردەی ئێران گواستووەتەوە، لەوانە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران.
بەپێی سەرچاوەكان ناوەڕۆكی نامەكە داوایەك بووە بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرییەك بۆ بابەتی داماڵینی چەكی حزبوڵا و گەیشتن بە رێككەوتنێك لە نێوان تاران و واشنتن لەوبارەوە، ئەگەر كاتیش بێت، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسی لە هەڵگیرسانی شەڕێكی چاوەڕوانكراو لەگەڵ ئیسرائیل، كە رەنگە بۆ دەیان ساڵ هەڕەشە لە داهاتووی تایفەی شیعە لە لبنان بكات و نوێنەرایەتیی سیاسیان لەناو ببات، ئەوەش لە سایەی ئەو گوشارە گەورە نێودەوڵەتییەی لەسەر لبنان هەیە.
بەپێی سەرچاوەكان خەلیل پەیامێكی بەری گەیاندووەتە ئێران بۆ چارەسەركردنی بابەتی چەكی حزبوڵا، چونكە ئەو چەكە ئێرانییە و حزبوڵاش گوێڕایەڵی ئێران دەكات و رۆڵی لە هەڵوێستی لە هاوكاریكردنی حكوومەتی لبنان هەیە بۆ وەڵامدانەوەیەكی ئەرێنی لەبارەی داماڵینێكی بەشی بۆ چەكەكانی، بەو شێوەی گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر لبنان كەم ببێتەوە و تارمایی شەڕ و هێرشی ئیسرائیلیش دوور بخرێتەوە، لێكگەیشتن لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دروست ببێت بۆ رێگرتن لە هێرشی ئیسرائیل كە لبنان لەناو دەبات و دەیكات بە دۆزەخ و تۆپەڵێك ئاگر.