11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەم هەفتەیەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكەی راگەیاند، ئێستە پرۆسەكە لە قۆناغی تۆماركردن و لێوردبوونەوەی تانەی ئەنجامەكانە و دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان داوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ و دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكرێت.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند كە هەفتەی داهاتوو جموجۆڵێكی فرەوان لە نێوان هێزە سیاسییە براوەكان بۆ دیاریكردنی هەرسێ سەرۆكایەتی هەیە، ئێستە كۆبوونەوەی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكوومەت و دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستەكە بەردەوامە، بەڵام ئەو هێزانەی داوای پشتبەستن بە سەنگ و ئەنجامی هەڵبژاردن دەكەن بەربەستن بۆ پرسەكە.
بەپێی سەرچاوەكە ئێستە سێ كاندید هەن، لە رێگەی دەنگدان لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەكێكیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكرێت، ئەوانیش محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریین، ئەو دوو لیجنەی چوارچێوەكە پێكی هێناون، گۆڕانكاری لە هاوكێشەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران ناكەن، چونكە هەموو كاندیدەكان لە ناو ماڵی شیعەن و ئەگەر كەسێكی دوور لە پێشبینییەكانیش دیاری بكەن، دەبێت بۆ چوارچێوەكە ناسراو بێت.