شیعە دەتوانن سەرۆك وەزیرانێكی جیاواز دیاری بكەن؟

:: PM:08:59:20/11/2025 ‌

لەوكاتەی پێویستە لە دوای كۆتاهاتنی كێبەركێی هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكان، دۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە بچێت، كەچی پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خەریكە دەچێتە ناو تونێلێكی تاریك و قووڵ، چونكە ئەو پێوەرانەی چوارچێوە باسیان دەكات بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەرجەستەی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و سیاسین زیاتر لە نیشتمانی و جەماوەری.

سەڵاح جبووری سیاسەتوانی سەربەخۆ ئاماژە دەكات، عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بەهۆی دەستگرتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زنجیرەیەك پێوەر و رێككاری تایبەت روو لە ئاڵۆزی زیاترە، بەهۆی ئەوەی پێوەرەكان بەرجەستەی بەرژەوەندیی سیاسی و حزبی زیاتر لە دابینكردنی پێویستیی نیشتمانی و جەماوەری دەكەن.  

روونی كردەوە، ئەو پێوەرانەی بەم دواییە چوارچێوە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی دیاری كردن، هاوشێوەی میكانیزمێكی هەڵسەنگاندنی سیاسییە و هیچ بوارێكی راستەقینەی بۆ كەسایەتییە چاكسازەكان تیادا نییە، لەوكاتەی ئێستە دۆخەكە لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە كەسایەتییەكی سەربەخۆ و خاوەن توانا بۆ وەرگرتنی بڕیاری هاوسەنگ هەیە. 

جبووری ئاماژە دەكات، چوارچێوەی چەند مەرجێكی داناوە وەك رووكەش بۆ رێكخستنی پرۆسەی سیاسییە، كەچی لە راستیدا كۆتێكە بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك توانای وەرگرتنی بڕیاری چاكسازی راستەقینەی هەبێت، لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر هێزێك دەیەوێ پارێزگاری لە بوونی خۆی لە ناو دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات، لەوكاتەی پرۆسەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاڵۆزتر دەبێت. 

جبووری پێی وایە ئەو شێوازەی كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەنگژەكە ئاڵۆزتر دەكات و رەنگە بە نەرێنی كار لە سەقامگیریی ئابووری و سیاسی وڵات بكات، چونكە پشتبەستن بە پێوەری تەسكی حزبی هەمان تەنگژەكانی پێشوو دروست دەكەنەوە، واتە كێشەكە لە ناوی كاندیدەكە نییە كە دیاری دەكرێت، بەڵكو لە رێگەی دیاریكردنیەتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل