كاندیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن لیژنەی حەكیم و حەموودی و فرێجییەوە دیاری دەكرێت

:: PM:09:30:20/11/2025 ‌

هەر لە گەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەستیان بە كۆبوونەوە كرد و خۆیان وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمانی راگەیاند و دوو لیژنەیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دامەزراند، لەوانە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

سەرچاوەكان باسی ناوی 15 كاندید لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەن سەبارەت بە پۆستی سەرۆك وەزیران، فەهد جبووری سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی ئاشكرای كرد كە ئەو لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاری كردووە لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی و شێخ هەمام حەموودی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیبشر یا عێراق و عەبدولسادە فرێجی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی پێك هاتووە، ئەوان سیڤی كاندیدان تاوتوێ دەكەن و موقابەلەیان دەكەن.

لەو كاتەی جبووری دووپاتی كردەوە كە، مەرجی سەرەكیی دیاریكردنی هەر كاندیدێك بۆ ئەو خولە ئەوەیە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو حزب پێك نەیەنێت و خۆشی كاندید نەكات، ئەوە بۆچوونی هەموو لایەنەكانی چوارچێوەیە، عەقیل فەتلاوی گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی، ئێمە پاڵپشتی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەین كە خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمانی راگەیاند، بەڵام رەتی دەكەینەوە محەمەد شیاع سوودانی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، لیژنەی تایبەت بە دیاریكردنی كاندیدانی سەرۆك وەزیران چاوی بە كاندیدان دەكەوێت بە شێوەی راپۆرتێك دەیخاتە بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل