کلاودیا بلاکۆلم، وەزیری یەکخستنی نەمسا، پێنجشەم رای گەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی پڕۆژەیاسایەکی ئامادە کردووە بۆ قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی لەسەر ئەو کچانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵەوەیە لە قوتابخانەکاندا.
وەزیرەكە، كە سەر بە پارتی گەلی نەمساوییە، گوتی پڕۆژەیاساكە بەم نزیكانە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و بڕیارە لە ساڵی خوێندنی 2026/2027ـەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پێشتر لە ساڵی 2019، هەوڵێكی هاوشێوەی حكوومەتەكەی پارتی گەل لەلایەن باڵاترین دادگای نەمساوە رەتكرایەوە.
بەڵام حكوومەتی ئێستای هاوپەیمانی، كە لە پارتی گەل و پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی نەمساوی نوێ پێكدێت، متمانەی هەیە كە ئەمجارە قەدەغەكردنەكە جێبەجێ دەكرێت، بە ئاماژەدان بەوەی كە ژمارەی كچانی مسوڵمانی خوار تەمەن 14 ساڵ لە قوتابخانەكاندا لە 3,000ـەوە بۆ 12,000 بەرز بووەتەوە.
بەپێی رەشنووسی یاساكە، ئەگەر كچان سەرەڕای قەدەغەكردنەكە حیجاب بپۆشن، سەرەتا مامۆستایان قسە لەگەڵ بەخێوكەرانیان دەكەن. لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەكە، سزای دارایی بەسەر بەخێوكەراندا دەسەپێنرێت كە دەگاتە 800 یۆرۆ (922 دۆلار).
لەلایەن خۆیەوە، كۆمەڵگەی ئیسلامی لە نەمسا رەخنەی توندی لە پلانەكە گرتووە و هاوپەیمانیی حكوومەتی تۆمەتبار كردووە بەوەی لەبری گرنگیدان بە منداڵان، بەدوای دەستكەوتی سیاسییەوەیە. لە بەیاننامەیەكی پێشووتریشدا رایان گەیاندبوو: "ئامانج لێی سوودوەرگرتنە لە هەستی دژە ئیسلام".