ئاژانسى ته‌سنیمى ئێرانى ئاشكراى ده‌كات هه‌ر یه‌كه له قاسم ئه‌عره‌جى و عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌رى و حه‌مید شه‌ترى كاندیدن بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى عێراق و ئاژانسه‌كه ده‌شڵێ، "ناوى عه‌بادیش پێشنیار كراوه، به‌ڵام ره‌تى كردووه‌ته‌وه". ئه‌و ئاژانسه ئێرانییه چوار مه‌رجى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ى تشرینى دووه‌م، ئاژانسى
ته‌سنیم كه به ئاژانسێكى سه‌ربه سوپاى پاسدارانى ئێران ده‌ناسرێت، له راپۆرتێكدا ناوى سێ كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ئه‌مانه‌ن: عهبدولئهمیرى شهمیرى وه‌زیرى ناوخۆ، قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق، حه‌مید شه‌ترى سه‌رۆكى هه‌واڵگرى. ئاژانسه ئێرانییه‌كه دووپاتیشى ده‌كاته‌وه ئه‌م سێ كاندیده زۆرترین چانسیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان ببێته سه‌رۆك وه‌زیران.
ته‌سنیم باسى ئه‌وه‌ى كردووه، بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو چوار مه‌رج له لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه دانراوه، یه‌كه‌میان رابردوو و ره‌فتارى پاك بێت، پێوه‌ندى گونجاوى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌بێت، به‌ڵێن بدات هیچ حزب و ره‌وتى سیاسى نه‌بێت، تیمى نووسینگه‌كه‌ى له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دابنرێت.
راپۆرته‌كه‌ى ته‌سنیم ستایشى هه‌ر سێ كاندیده‌كه ده‌كات كه هه‌ر سێكیان به‌رپرسى ته‌ناهى و هه‌واڵگریین. سه‌باره‌ت به سوودانى ته‌سنیم ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به‌هۆى ئه‌وه‌ى رازى نییه به‌وه‌ى ره‌وتى سیاسى و حزبى نه‌بێت، چانسهكهى كه‌م بووه‌ته‌وه و ده‌شڵێ، "حه‌یده‌ر عه‌بادیش ناوى پێشنیاركراوه به‌ڵام خۆى ره‌تى كردووه‌ته‌وه سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت له ئه‌ستۆ بگرێت".
له كۆتاییدا راپۆرته‌كه‌ى ته‌سنیم باس له‌وه ده‌كات چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى خواستى هه‌یه له‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانێكى نوێ هه‌ڵبژێرێت، ده‌شڵێ، "به دوور نازانرێت ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانى كار بكه‌ن بۆ گۆڕینى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له به‌رژوه‌ندى خۆیان تا سه‌رۆك وه‌زیران له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و چوارچێوه‌یه بێت".