یەكێك لە هۆكارەكانی هێرشەكەی حوزەیرانی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرنامە مووشەكییەكەی بووە كە مەوداكەی بە ئاسانی دەگاتە خاكی ئەو وڵاتە و ئێران بەرنامەیەكی پێشكەوتووی مووشەكی دوورمەودا و دەنگبڕی هەیە و بە میلیشیاكانی لە ناوچەكەش داوە، بەرپرسێكی ئەمەركیی دووپاتی كردەوە كە ئێران خەریكی بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەكیەكەیەتی.
بەپێی
راپۆرتەكانی هەواڵ، لە هێرشە 12 رۆژییكەی حوزەیرانی رابردووی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، زیانێكی گەورە بە هەردوو بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی تاران كەوت، بەڵام بە تەواوەتی لەناو نەچوونە، ئێستە ئێران بە یارمەتیی رووسیا و چین و كۆریای باكور خەریكی بنیاتنانەوەی هەردووكیانە و خۆشی لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا و ترۆیكای ئەوروپا و ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی دەدزێتەوە.
بەپێی راپۆرتەكان راستە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە دوای هێرشەكەی ئەمەریكا لە 22ی حوزەیران بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وەستاوە، بەڵام هێشتا ئێران بڕێكی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60% هەیە، ئەمەریكییەكان پێیان وایە ئێران لە دوای هێرشەكە بە 12 مانگ دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی زیندوو بكاتەوە، جیا لە بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەكییەكەی.
بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئێستە ئێران خەریكی بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەكیەكەیەتی و ئەو سوورە لەسەر رێكخستنەوەی توانا مووشەكییەكانی بالیستی و كرووز و درۆنەكانیش، كە جیا لە میلیشیاكانی، بە ئامرازی سەرەكیی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سەر خۆی دادەنێت. هەروەها كار لەسەر پێدانی چەك و مووشەك و درۆن و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووی سەربازی بە هەموو باڵەكانی لە ناوچەكە دەكات، لەوانە میلیشیاكانی عێراق و حزبوڵای لبنانی و حوسییەكانی یەمەن، ئەمەریكاش چاودێریی وردی ئێران لەبارەی بەرنامەی مووشەكی و پێدانی چەك بە میلیشیاكانی دەكات.