حزبوڵای لبنانی: تاوتوێی وەڵامدانەوەیەكی گونجاوی ئیسرائیل دەكەین

:: PM:07:15:23/11/2025 ‌

ئەگەرچی بەپێی قسەی شارەزایان ئێستە حزبوڵای لبنانی لە لاوازترین دۆخیدایە، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە، بەڵام لە دوای هێرشەكەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆی ئیسرائیل و كردنەئامانجی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی لە باشووری بەیرووت، هەڕەشە دەكات و دووپاتی كردەوە كە هێرشەكە دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی باشووری بەیرووت و سەركردایەتیی حزب تاوتوێی بایەتی وەڵامدانەوە دەكات و ئەوەی گونجاوە دەیكەن.

مەحموود قماتی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی حزبوڵا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە شوێنی كردنەئامانجی ئەو فەرماندەی حزبوڵا رای گەیاند، رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل سوودی نییە و گفتوگۆی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل كاتچواندنە، هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دەرگەی پەرەسەندنی هێرشەكان بۆ سەر تەواوی لبنان دەكاتەوە و حزبوڵا پابەندە بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەوڵەت و سوپای لبنان، ئێستە خەریكی دووپاتكردنەوەی ناسنامەی كەسایەتییە بەئامانگیراوەكەین و دوای لێكۆڵینەوەكان دێتە راگەیاندن. 

ئەمڕۆ یەكشەم سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە سەركردەیەكی دیاری حزبوڵای لبنانی لە گەڕەكی حریك لە باشووری بەیرووتی پایەتەختی لبنان كردووەتەوە ئامانج، هێرشەكە شوقەیەكی لە شەقامی عەرید كردووەتە ئامانج، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلیش دووپاتی كردەوە كە مەبەستی هێرشەكە كەسی دووەم بووە لە ناو حزبوڵا.

بەپێی رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەرانۆت"ی ئیسرائیلی مەبەستی هێرشەكەی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل لە گەڕەكی حریك لە باشووری بەیرووت، ئەبو عەلی تەباتەبائی دووەم كەسایەتیی ناو حزبوڵا بووە، كە كەسایەتییەكە نادیار و گرنگی حزبوڵایە و لە 2016 لە لایەن ئەمەریكاوە وەك تیرۆریستێكی نێودەوڵەتی پۆلێن كراوە. ئەو فەرماندەیەكی باڵای سەربازییە و پێشتر لە سووریا و لە یەمەن سەركردایەتیی هێزەكانی حزبوڵای كردووە. 

لای خۆیەوە كەناڵی 14ی ئیسرائیل ئاماژەی كرد كە كە سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی هەیسەم تەباتەبائی دووەم كەسایەتیی ناو حزبوڵای لبنانیان لە باشووری بەیرووت كردووەتە ئامانج، راپۆرتەكانی هەواڵیش ئاماژەیان كرد كە تەقینەوەیەكی گەورە لەو گەڕەكەی بەیرووت بیستراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل