سەركردە سوننەكان لەسەر پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانی رێك دەكەون

:: PM:07:40:23/11/2025 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم سەركردەی هێزە براوەكانی سوننە لە ماڵی خەمیس خەنجەر سەركردەی هاوپەیمانی سیادە لە بەغدا كۆ بوونەوە، پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانییان بۆ یەكخستنی هەڵوێست و دیدی سوننە بەرانبەر بە پرس و بابەتە نیشتمانییەكان بە هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە راگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە، لە سۆنگەی بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و هەستكردن بە گەورەیی قەبارەی ئاڵنگارییەكانی رووبەڕووی وڵات بووەتەوە لەو قۆناغە هەستیارەدا، هەریەك لە موسەنا سامەرایی سەركردەی هاوپەیمانی عەزم و خەمیس خەنجەر سەركردەی هاوپەیمانی سیادە و سابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و حزبی جەماهیر، كۆبوونەوەیەكی فرەوانیان لە بەغدا ساز كرد.

روونی كردەوە، بەشدارانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنە سیاسییەكان كرد، جیا لە كێشەی پارێزگاكانیان و دووپاتیان لە گرنگیی یەكخستنی هەوڵ و كاركردنیان بە دیدێكی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مسۆگەری مافە دەستوورییەكان و بەهێزكردنی نوێنەرایەتی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت كردەوە، حزبە بەشدارەكان لەسەر پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانی وەك چەترێكی كۆكەرەوە بۆیان رێك كەوتن، بۆ یەكخستن و هاوئاهەنگیكردن لە هەڵوێست و بڕیارەكان لە دۆسییە نیشتمانییە باڵاكان و كاری هاوبەشی سەركردە سوننەكان و ئەو ئەنجوومەنە كۆبوونەوەی خولی بەدرێژایی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق هەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل