لە دوای كوژرانی تەباتەبایی چی دەبێت؟

:: PM:10:49:23/11/2025 ‌

ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئەبو عەلی تەباتەبایی سوپاسالاری حزبوڵا و دووەم كەسایەتیی ناو حزبەكەیان لە باشووری بەیرووت كوشت، ئیسرائیل بە دەستكەوتێكی گەورەی لەقەڵەم دا و حزبوڵاش ددانی بە كوژرانی دانا، بەڵام دەتوانێت چی بكات؟

هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل لە ناو پێشبینییەكان دێت بە زیادبوونی هێرش و پەرەسەندنی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەكانی حزبوڵا لە ماوەی داهاتوو، بەتایبەتی لە تا ئێستە سوپای لبنان نەیتوانیوە چەكی حزبوڵا داماڵێت، هێرشەكەی ئەمڕۆ بە ئاگەداری ئەمەریكایە، كە ئەویش كوشاری خستووەتە سەر حكوومەتی لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا.

ئەحمەد شلحە رۆژنامەوانی لبنانی دەڵێت، دوای ئەوەی پێشتر ئیسرائیل دزەی كردە ناو ریزەكانی حزبوڵا و زۆرینەی سەركردە باڵاكانی كوشت، لەوانەش حەسەن نەسروڵا، حزبەكە پەنای بۆ شێوازێكی نهێنی و ئاڵۆز برد، بەوەی دوای كوژرانی سەركردەكانی ناوی شوێنگرەكەی ئاشكرا نەدەكرد، تەباتەبایش كە ئەمڕۆ كوژرا، بە نهێنی داینابوو و حزبەكە بە نهێنی لە رووی سیاسی و سەربازی خۆی بنیات دەنایەوە، بەڵام كوژرانی بەرپرسێكی باڵای وا و لە باشووری بەیرووت، كە مۆڵگەی حزبەكەیە، پێشانی دەدات هێشتا ئیسرائیل توانای دزەكردنی بۆ ریزەكانی حزبوڵا و گەیشتنی بە سەركردەكانی هەیە.

روونی كردەوە، پرسیارەكە ئەوەیە دوای تەباتەبایی نۆرەی كێیە؟، ئێستە حزبەكە لەبەردەم بژارەی سەختدایە، ئەگەر تۆڵەی كوژرانی فەرماندە سەربازییەكەی و بۆردمانكردنی باشووری لبنان مۆڵگەكەی بكاتەوە، ئەوە هەلێك بە ئیسرائیل دەدات بۆ هێرشێكی فرەوان و بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكان و لبنان باجێكی گەورە دەدات.

وەك ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت، دووەم بژارە، كە زیاتر پێشبینی دەكرێت، بریتییە لە خۆی لە وەڵامدانەوە بدزێتەوە، بەڵام لێرە چاودێران دەڵێن ئەوە وا دەكات ئیسرائیل لە كوشتن و هێرشەكانی بەردەوام بێت، بەوەش وێنەی حزبەكە لە ناوخۆ لاواز دەبێت و ئاماژە دەكرێت كە دزەكردنی ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە. 

سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن هێرشەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بووە و زانیاری بە ئەمەریكا دراوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاشكرا نەبووە، لەوكاتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پێشوەختە ئەمەریكا لە هێرشەكە ئاگەدار نەكردووەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی پێی گوتووە، چەند رۆژێكە ئەمەریكا دەزانێت ئیسرائیلی نیازی پەرەسەندنی دۆخەكەی لە لبنان هەیە، بەڵام بە كات و شوێن و ناسنامەی بەئامانجگیراوەكەی نەزانیوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەبو عەلی تەباتەبائی فەرماندەی پێشووی هێزی رەزوانە كە بەشداریی شەڕەكانی لە سووریا و یەمەن كردووە، لە دوای نەعیم قاسم دووەم كەسایەتیی باڵای ناو حزبوڵایە و فەرماندەی هێزە دەستەبژێرەكانی حزبەكەیە و بەشداری لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای گورزەكانی ئیسرائیل كردووە، باوكی ئێرانییە و دایكیشی لبنانی، خۆی لە لبنان دادەنیشێت، لە لیستی داواكراوانە بۆ ئەمەریكا و پێنج ملیۆن دۆلار بەرانبەر بە پێدانی زانیاری بۆ گرتنی دانراوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل