چەند رۆژێكە دۆخی سووریا ئاڵۆزە، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە هێشتا حكوومەتی سووریا نەیتوانیوە وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ تەنگژە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە بكات، لە دوای ئاڵۆزییەكانی چەند مانگی رابردوو لەگەڵ عەلەوییەكان و درووز و دواتر كورد، كە ئێستە بەردەوامە و ناوە ناوە سەر هەڵدەداتەوە، دوێنێ لە شاری حمس و ئەمڕۆش لە پارێزگای لازقییە ئاڵۆزی و شەڕ هەبووە.
بەپێی
میدیا عەرەبییەكان، ئەمڕۆ دووشەم شەڕێكی سەخت لە نێوان هێزە تەناهییەكانی سووریا و گرووپێكی چەكدار لە لازقییە دروست بوو، بەتایبەتی لە گوندی بەدروسیە لە لازقییە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر تاوانێكی كوشتن لە گوندێكی حمس هۆزی كوژراوەكە هێرشیان كردە سەر چەند گەڕەكێكی عەلەوینیشین لە شارەكە و جیا لە تەقەكردن، دوكان و ئۆتۆمبێلیان سووتاند و هێزە تەناهییەكانی سووریاش لە سەعات 5:00ی ئێوارە تا 5:00ی بەیانی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتوچۆیان لە حمس سەپاند، ئەمڕۆش قەدەغەكەیان تا 5:00ی ئێوارە درێژ كردەوە.
هەر بەم دواییە هاوكات لەگەڵ گفتوگۆكانی هەسەدە و دیمەشق بۆ یەكخستنەوەی هێز و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی باكوری سووریا لەگەڵ حكوومەتی سووریا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی گرووپە توندڕۆكانی سەر بە دیمەشق و هێزەكاتنی هەسەدە لە ناوچەكانی بەریەككەوتنیان دروست دەبێت، بەتایبەتی لە بەنداوی تشرین.