عێراق حووسییەكانی یەمەن و حزبوڵای لبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە

:: AM:11:56:04/12/2025 ‌
رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنكردنی هەریەك لە گرووپی حوسییەكانی یەمەن و حزبوڵای لبنانی لەناو لیستی تیرۆردا بڵاو كردەوە، ئەمەیش كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەم چواری كانوونی یەكەم، میدیاكان بڵاویان كردەوە، لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی كە لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاو كرایەوە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیارەكانی لیژنەی سڕكردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەك لە حووسییەكان لە یەمەن و حزبوڵای لبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئەم نوێكردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریكردنی ئەو قەوارە و كەسانەدایە كە رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشككردنی سەرچاوە داراییەكانیان، دەیانگرێتەوە و لەلایەن عێراقەوە پێڕەو دەكرێت.
 
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم گۆڕانكارییە لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی سزاكانی سەر داعش و قاعیدە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كراوە.

روون كراوەتەوە، لیژنەی سڕكردنی پارەی تیرۆریستان لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێكهێنراوە، پارێزگاری بانكی ناوەندی سەرۆكایەتیی دەكات و بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و تەمویلكردنی تیرۆر جێگریەتی.

لیژنەكە نوێنەرانی چەند لایەنێك لە خۆ دەگرێت كە نابێت ناونیشانی وەزیفییان لە بەڕێوەبەری گشتی یان عەمید كەمتر بێت، ئەوانیش بریتین لە وەزارەتەكانی دارایی، ناوخۆ، دەرەوە، داد، بازرگانی، گەیاندن، زانست و تەكنۆلۆجیا، لەگەڵ دەستەی دەستپاكی، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەزگای هەواڵگری.
 
ئەم هەنگاوەی بەغدا بە نوێترین رێكار دادەنرێت لە چوارچێوەی نوێكردنەوەی لیستەكانی تیرۆر و جێبەجێكردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە شەقامی عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاردانەوەی لێ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد