گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا نهێنییەكە ئاشکرا دەکات: بڕیارەکە هەڵە نەبوو و یارییەکە بۆ سوودانی کۆتایی هات

:: AM:10:06:05/12/2025 ‌
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سیناریۆی "هەڵەی چاپ"ی لەبارەی خستنە لیستی تیرۆری دوو گرووپی هاوپەیمانی ئێرانەوە ڕەت کردەوە و ڕای گەیاند، بڕیارەکە "هەڵە نەبوو". هاوکات چارەنووسی سیاسیی محەمەد شیاع سوودانی ئاشکرا کرد و گوتی "سوودانی لە هەموو گرووپەکانی واتسئەپی چوارچێوەی هەماهەنگی دوورخراوەتەوە و یارییەکە کۆتایی هات."

ئەم لێدوانەی فەتلاوی، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العەهد"ی عێراقی داویەتی، هەموو هەوڵەکانی حكوومەتی عێراقی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پووچەڵ کردەوە. فەتلاوی دووپاتی کردەوە، "لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان نوێنەری وەزارەتە جیاوازەکانی تێدایە،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بڕیارێکی لەو شێوەیە ناتوانێت بە هەڵە دەربچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەم، عێراق بۆ ماوەی دوو سەعات کەوتە ناو بارودۆخێکی هەستیارەوە، کاتێک ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" بڕیارێکی لیژنەیەکی سەر بە بانکی ناوەندیی بڵاوکردەوە کە تێیدا حزبوڵای لوبنانی و ئەنساروڵای یەمەنی وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن کردبوو. بەڵام تەنیا چەند سەعاتێک دواتر، لیژنەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئیدیعای کرد کە "هەڵەیەکی تەکنیکی" ڕووی داوە و دواتر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش فەرمانی کرد بە لێپرسینەوە لەو کەسانەی "هەڵە"کەیان کردووە.

لێدوانەکەی گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا، کە هاوپەیمانییەکی سەرەکیی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، پشتڕاستی ئەو گومانانە دەکاتەوە کە بڕیارەکە بە ئەنقەست بووە و ئێستا باجەکەی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە دەدرێت. فەتلاوی بە ڕاشکاوی گوتی: "خولی دووەمی نابێت،" ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی سوودانی متمانەی هاوپەیمانە شیعەکانی لەدەست داوە و بۆ جاری دووەم وەک سەرۆک وەزیران هەڵنابژێردرێتەوە.

قەیرانەکە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە سامانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا هەڵگیراوە، ئەمەش وا دەکات بڕیارێکی لەو شێوەیە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، کاریگەریی گەورەی هەبێت و ببێتە هۆی تەقینەوەی دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا.


وشە - پۆڵا مەحموود