هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو لە گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنیی هێزەکانی حكوومەتی سووریا بوونەتەوە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی بڵاوی کردووەتەوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ڕای گەیاندووە "درۆنەکە شەوی هەینی، گوندەکانی ئیمام و ئوم تینەی لە باکووری دێر حافر بۆردمان کردووە، هەروەها دەروازە نزیکەکەش بە چەکی قەناس کراوەتە ئامانج."
هەسەدە ڕوونی کردووەتەوە کە "بۆردمانەکە زیانی ماددیی بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی و دەوروبەری شوێنە ئامانجگیراوەکان گەیاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.
هەسەدە ئەم هێرشانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەقامگیریی ناوچەکە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوبردووە.