تۆماس ئادزگۆسکاس، ئەفسەرێکی پێشووی ئیسرائیلی لە لیوای "گڤعاتی" کە بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەیناڵاند، دوێنێ چوارشەم کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و تەرمەکەی لە باخچەیەک لە ناوچەی ئەسدود دۆزرایەوە، ئەمەش بەپێی ڕۆژنامەی "هائارێتس".
بەپێی "هائارێتس"، ئادزگۆسکاس لە شەڕەکانی بەرەی غەزە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا بەشداریی کردووە، هەروەها لە هێرشە زەمینییەکەی دواتریشدا بۆ سەر کەرتی غەزە. لە مانگی نیسانی 2024 لە خزمەتکردن دوورخراوەتەوە و لە قۆناغی ئەوەدا بووە کە لەلایەن بەشی چاکبوونەوەی وەزارەتی بەرگرییەوە وەک تووشبوویەکی دەروونی ددانی پێدا بنرێت.
ئادزگۆسکاس چارەسەری دەروونی و مێشکیی وەردەگرت. تا ئێستا، سوپای ئیسرائیل وەک "کوژراوی سوپا" دانی پێدا نەناوە، بە بیانووی ئەوەی لە کاتی خۆکوشتنەکەیدا لە خزمەتی فەرمیدا نەبووە.
لە پۆستێکدا کە پێش خۆکوشتنی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ژیانی لە حەوتی ئۆکتۆبەردا وێران بووە. لە فەیسبووک نووسیویەتی، ئەو بەروارەی ژیانی منی وێران کرد و هەموو ئەو شتەی وێران کرد کە من بووم." هەروەها نووسیویەتی، چیتر بەرگە ناگرم، من کاولکاری و وێرانیم... کارم کردووە لێی خۆش نابێت، و چیتر ناتوانم لەگەڵ ئەوەدا بژیم. هەرچۆنێک بێت کەس لێم تێناگات.
لە درێژەدا نووسیویەتی، شەیتانێک هەیە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ڕاوم دەنێت، تکایە منتان لەبیر بچێتەوە و ئەو تۆماسەتان لەبیر بێت کە ئەفسەر و فەرماندەی قەناس بەدەستەکان بوو. ئەو تۆماسە لە حەوتی مانگدا کوژرا، من تەنیا ڕۆحێکم بە دوای ئارامیی خۆیدا دەگەڕێت، دوو ساڵە ناتوانم لەگەڵ خۆمدا بژیم.
بەپێی بەدواداچوونی ڕۆژنامەی "هائارێتس"، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، لانی کەم 15 سەربازی دوورخراوە لە خزمەت بەهۆی کێشەی دەروونییەوە کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ئەگەری هەیە پێوەندی بە خزمەتی سەربازییانەوە هەبێت. هاوکات، لانی کەم پێنج ئەندامی پۆلیسیش بە هەمان هۆکار کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ڕێکخراوەکانی تایبەت بە چارەسەری شڵەژانی دەروونیی دوای ڕووداو (پۆست تڕاوما) دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی خۆکوژەکان بەرزترە، چونکە زۆربەی حاڵەتەکان بە نهێنی دەمێننەوە.
لەلایەکی ترەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیل، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە کاتی خزمەتی فەرمیدا خۆیان کوشتووە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
ئامارەکان دەریدەخەن کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا کۆتاییی هەمان ساڵ، حەوت سەرباز لە کاتی خزمەتدا خۆیان کوشتووە، لە ساڵی 2024ـیشدا 21 سەرباز خۆیان کوشتووە.
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، لانی کەم 20 سەربازی تر لە کاتی خزمەتدا کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. شایەنی باسە، لەو دەیەیەی پێش شەڕ، تێکڕای ژمارەی خۆکوژی لەناو سوپادا ساڵانە 12 سەرباز بووە.