سەرۆکایەتیی کۆمار خۆی لە بڕیارەکەی سوودانی بێبەری دەکات: لە سۆشیاڵ میدیاوە پێمان زانی

:: PM:02:36:05/12/2025 ‌
ئەمڕۆ هەینی، پێنجی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە فەرمی بێئاگایی و پێوەندی خۆی بەو بڕیارەوە ڕەت کردەوە کە تێیدا حزبوڵای لبنانی و گرووپی ئەنساروڵای یەمەنی وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن کرابوون. لە بەشێکی  ڕوونکردنەوەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە" بە بڕیارەکەی زانیوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتیی کۆمار ئاگاداری یان پەسەندکردنی بڕیاری پۆلێنکردنی گرووپی ئەنساروڵا و حزبوڵای لوبنانی وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی ئەو سەروەت و سامانەی دەگەڕێتەوە بۆیان، ڕەت دەکاتەوە.

سەرۆکایەتیی کۆمار دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی دەستوور، ئەم جۆرە بڕیارانە ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناکرێن و تەنیا ئەو یاسایانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دەدرێت و مەرسوومە کۆمارییەکانن کە بۆ وردبینی و پەسەندکردن و بڵاوکردنەوە ئاراستەیان دەکرێت.

ڕوونکردنەوەکە دەڵێت، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان و لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و ڕێنماییەکانی هیچ لایەنێکی تر، ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناکرێن.

لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتیی کۆمار دووپاتی کردووەتەوە، ئێمە ئاگادار نەبووین و نەمانزانیوە بە بڕیاری پۆلێنکردنی ئەنساروڵا و حزبوڵا وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی سامانەکانیان، مەگەر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەبێت، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوەیە بە پێویست زانرا.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە بڵاوکردنەوە و پاشان پاشگەزبوونەوەی خێرای حكوومەت لەو بڕیارە، قەیرانێکی سیاسیی گەورەی لە عێراقدا دروست کردووە و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی، بەتایبەتی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، قووڵتر کردووەتەوە و محەمەد شیاع سوودانیش لە گرووپی وەتسئەپی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەركرا. 


وشە - پۆڵا مەحموود