ئیلهام ئەحمەد ناچێتە توركیا و نێچیرڤان بارزانیش رای گەیاند: هەسەدە چەك رادەست ناكات

:: AM:09:04:06/12/2025 ‌
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەموو ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، بۆ بەشداریی كۆنفرانسێكی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان بچێتە توركیا، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی رەتی كردەوە بچێتە ئەو وڵاتە، هاوكات نێچیرڤان بارزانیش رای گەیاند، هەسەدە بێ گەرەنتی چەك رادەست ناكات.

كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، لەلایەن دەم پارتی ئەمڕۆ شەش و سبەی حەوتی  كانوونی یەكەمی 2025 لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوی دەم پارتی، لە هەرێمی كوردستانەوە دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئامینە زیكری نوێنەری سەرۆك بارزانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری مەسروور بارزانی، دارا خەیلانی نوێنەری بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشت كراون.

هاوكات بڕیار بوو بەنوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، ئیلهام ئەحمەد بەشداریی بكات، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی و نەبوونی گەرەنتی لەلایەن توركیاوە، بەشداریی ناكات، بەڵكو بەڤیدیۆ گوتارێكی دەبێت.

ئەوە لە كاتێكدایە توركیا بەردەوام فشار دەكات تا هەسەدە ببنە بەشێك لە حكوومەتی نوێی سووریا، بەڵام بەهۆی بێ متمانەیی هێشتا رێككەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێ نەكراوە و هەسەدە ئامادە نییە بچێتە ناو حكوومەتی كاتی سووریا.

لە كاتێكدا ئۆجەلان لە میانەی دیدارەكانی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەكەی و پەرلەمانتارانی توركیادا، داوای لە ئەنكەرە كرد بە هەستیاری زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ سووریا بكات و خۆی لە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە بپارێزێت، هەروەها گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بكات.

لەو چوارچێوەیەشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی  (The Spectator Australia، كە میدیاكانی توركیاش بڵاویان كردووەتەوە، رای گەیاند كە سیستمی ناناوەندی  بۆ سووریا زۆر گرنگە و هێزەكانی هەسەدەش بەبێ گەرەنتی چەكەكانی خۆیان رادەست ناكەن.



وشە - سۆران عەزیز