ئۆكراینا لە لێواری داڕماندایە و پوتینیش پاشەكشە لە داواكاری ناكات

:: AM:11:16:07/12/2025 ‌
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی، لە سەرجەم بەرەكانی جەنگی ئۆكراینا، رووسیا لە پێشكەوتندایە، ئەوەیش لە كاتێكدا سەرۆكی ئەو وڵاتە ئامادە نییە لە دانوستانەكان بۆ وەستانی جەنگ، پاشەكشە لە داواكارییەكانی بكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی كانونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی رۆژنامە ئەمەریكییەكە، دۆخی ئۆكراینا زۆر خراپە و لە بەرەكانی جەنگیشدا لە داڕمان نزیك بووەتەوە، چونكە سوپای رووسیا لە هەموو بەرەكانی شەڕ لە پێشكەوتندایە، ئەوەیش وایكردووە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، لە دانوستاندا پاشەكشە لە داواكارییەكانی نەكات.

رۆژنامەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، پوتین لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەر یكی لە كاتی دانوستاندا بە روونی پێ گوتوون، ئامادە نییە لە داواكانی بێتە خوارەوە و پاشەكشەیان لێ ناكات. لە ماوەی مانگێك شەڕكردن، هێزەكانیان توانیویانە شاری بۆكرۆفسك كۆنترۆڵ بكەن. ئەوەیش لە كاتێكدایە نەخشەی سەربازی و سوپای ئۆكراینا دووپاتی كردووەتەوە، چەند بەشێكی شارەكە تا ئێستەیش شەڕ تێیدا بەردەوامە.

رۆژنامەكە دەڵێت كە پوتین میتۆدێكی توندی لە دانوستان دەست پێ كردووە، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت سوپای وڵاتەكەی لەسەر زەوی لە پێشكەوتنێكی بەرچاودایە.

ئیمیڵ كاستیهلمی كە شیكەرەوەیەكی سەربازیی فینلەندییە دەڵێت، ئێستە رووسەكان لە بەرەكانی جەنگدا دەستی باڵایان هەیە، راستە ئۆكراینایش دانەڕماوە، بەڵام لە قۆناغی داڕمان نزیك بووەتەوە، بە جۆرێك لاواز بووە، رووسەكان پێیان وایە دەتوانن لە دانوستانەكان لەسەر داواكارییەكانیان سوور بن.

دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە شەوی هەینی لەسەر شەموو، رووسیا هێرشێكی فراوانی كردە سەر ئۆكراینا و لەو هێرشەدا 650 درۆن و 50 مووشەكی بەكار هێناوە، ئەویش شار و شارۆچكەكانی ئۆكراینای كردووەتە ئامانج. بۆیە لە چەند بەرەدا رووسیا پێشڕەویی زۆری كردووە.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د