بۆچی ئەمەریكا گورزێكی تری سەربازی لە ئێران نادات؟

:: PM:07:53:07/12/2025 ‌

لەماوەی دوو ساڵی رابردوو هاوكات لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماس و بەرەی مقاوەمە و ئێران، دەركەوت كە ئیسرائیل و ئەمەریكا و رۆژئاوا لە رووی تەكنۆلۆجیای سەربازی و سیخوڕییەوە زۆر لەپێش ئێرانن و هەموو زانیارییە نهێنییەكانی ئەو وڵاتە و میلیشیاكانیان لایە، جیا لەوە ئەوان بژارەی تری كاریگەریان لە دژی ئێران هەیە و دەتوانن بێ شەڕ ئامانجی خۆیان بپێكن.

دەركەوت كە ئامانجی ئەمەریكا رووخاندنی رژێمی ئێران نییە، بۆیەش گورزە سەربازییەكانی بە وریایی و تا ئەو ئاستە بوون كە دەسەڵاتی ئێستەی تاران بە لاوازی بمێنێت، لە بەرانبەردا ئەمەریكا چەند مەرج و داواكارییەكی راگەندراو و رانەگەیەندراوی لە ئێران هەیە، لەوانە بەسفركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و دەستبەرداربوونی لە میلیشیاكانی لە ناوچەكە و سنوورداركردنی مەودای مووشەكەكانی، ئەو ئامانجانەی ئەمەریكا نەگۆڕن و لەسەریان سوورە، بەڵام لە شێوازی سەپاندنیان بەسەر تاران بژارەی تری جگە لە شەڕ هەیە.

چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ قۆناغی داهاتووی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، دەیەوێ بژارەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بە پلانێك بۆ توندكردنی سزاكان تا ئەوپەڕی بگۆڕێت، ئەوەش بە مەبەستی دروستكردنی زیاترین گوشار و كاریگەری لەسەر تاران لە لایەك و رێگرتن لە كەوتنی رژێمەكەی. 

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە ئەگەر ترەمپ ئەوجارە بچێتە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەنجامەكەی لە شەڕی 12 رۆژی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەختتر و كاریگەرتر دەبێت و دەبێتە هۆی كەوتنی رژێمی ئەو وڵاتە، ئەوەشی وەك دوایین چارەسەری هێشتووەتەوە، رەنگە ئەوەی بۆ دوای هەڵبژاردنی كۆنگرێس هەڵگرتبێت بۆ ئەوەی كار لە ئەنجامەكانی پارتی كۆماری نەكات، بۆیە ترەمپ نایەوێ ئێستە هەڵمەتێكی نوێی سەربازی بۆ سەر ئێران دەست پێ بكات، لە رێگەی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی، لەوكاتەی گرەو لەسەر خنكاندنی لە رێگەی ئەوپەڕی سزاكان لەسەر تاران دەكات، بەتایبەتی لە یەكەم چواریەكی 2026.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل