دوای ئەوەی توركیا و قەتەر داوایان كردووە مۆڵەتی دوو ساڵ بە حەماس بدرێت تا چەكەكانی دابنێت، لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل ئەو مۆڵەتەی رەت كردووەتەوە و دەڵێت، هیچ جێگرەوەیەك بۆ چەكدانانی حەماس قبووڵ ناكات و هاوكات رەتی دەكاتەوە هێزی توركیا لەگەڵ هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی لە غەزە بەشدار بێت.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم هەشتی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسانی حكوومەتی ئیسرائیل هۆشداریی دەدەن، هیچ جێگرەوەیەكیان بۆ چەكدانانی حەماس لە غەزە قبووڵ نییە، ئەوەیش دوای ئەوەی توركیا و قەتەر داوا دەكەن مۆڵەتێكی دوو ساڵ بدرێتە حەماس بۆ دانانی چەكەكانی. رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لەسەر زاری سەرچاوەگەلێك گواستوویەتیەوە، داواكەی توركیا و قەتەر لەلایەن ئیسرائیلەوە رەتكراوەیە.
پێشنیازەكەی توركیا و قەتەر و مۆڵەتەكە، بەو شێوەیەیە چەكەكانی حەماس بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی بگوازرێتەوە و لە ژێر سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام ئیسرائیل ئەوەی رەت كردووەتەوە و هیچ جێگەرەوەیەك بۆ چەكدانانی حەماس قبووڵ ناكات، بەڵكو سوورە لەسەر ئەوەی لە ماوەی چەند مانگێكدا پرۆسەكە بەڕێوە بچێت.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل كە رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی پێ داوە، ئێستە 75%ی دانیشتووانی غەزە، بەهیچ شێوەیەك پاڵپشتی و لایەنگریی حەماس ناكەن. بۆیە سەرچاوەكان هۆشدارییان داوە لەوەی حەماس دەیەوێ ریزەكانی رێكبخاتەوە و كۆنترۆڵی غەزە بكات، ئەویش ئەو بۆشاییەی قۆستووەتەوە كە بەهۆی ئاگربەستەكەوە بۆی لواوە.
شەمووی رابردوویش خەلیل حەیە سەرۆكی حەماس لە غەزە رای گەیاند، بزووتنەوەكەیان ئامادەیە چەكەكانی رادەستی ئەو هێزە بكات كە لە داهاتوودا غەزە بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئەویش پێوەستە بەوەی ئیسرائیل لە غەزە بكشێتەوە و واز لە داگیركارییەكەی بێنێت.