ئەمڕۆ شیعە هەوڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەدەن

:: PM:04:44:08/12/2025 ‌

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیلاند كە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقیان رەوانەی دادگای فیدراڵی كردووە بۆ پەسندكردنی، هاوكات ئەمڕۆ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوە و تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆ دەبنەوە.

عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ ئێوارە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەبدولحوسێن مووسەوی لە بەغدا كۆ دەبنەوە و تاوتوێی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ و هەڵسەنگاندنیان لە لایەن لیژنە تایبەتەكانەوە دەكەن، بەڵام ناوی كاندیدەكە نایەتە راگەیاندن.

زیاتر گوتی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران مافی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام دەبێت ئەو بابەتە رێككەوتنی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر هەبێت، دووپاتی كردەوە كە یەكلابوونەوەی كاندیدی كۆتایی چوارچێوە دەكەوێتە ناو سازانی ناوخۆیی هێزەكانی چوارچێوەكە. 

دوێنێ سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە سبەی دووشەم هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیان ساز دەكەن، بۆ تەواوكردنی مەرج و داواكارییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و رێككەوتن لەسەر دواین دەق و رەوانەكردنی بۆ هاوبەشانیان لە پرۆسەی سیاسی، بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و لە چوارچێوەی نەریتی سیاسی بۆ پێكهێنانی هەرسێ سەرۆكایەتی.

بەپێی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناسنامەی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام ناوەكەی نایەتە راگەیاندن تا كاتی دیاریكردنی كاندیدانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار.

لای خۆیەوە عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە دووشەم هێزەكانی چوارچێوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكەن، باسی پێنج دۆسیەی گرنگ پێوەست بە هەردوو بواری ناوخۆیی و دەرەوە دەكەن.

روونی كردەوە، لەو دۆسیاینەی بڕیارە بێتە تاوتوێكردن، ئەو بڕیارەی بەم دواییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی لەبارەی سزادانی حزبوڵای لبنانی و حوسییەكان هاتە بڵاوكردنەوە و ئەو كاردانەوانەی لە رای گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، جیا لە چاوخشاندن بە ئەنجامی لێكۆڵینەوە كە حكوومەت لەبارەی بابەتەكە دەستی پێ كردووە.

دووپاتی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی پەرەسەندنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، باسی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و دۆسیەكانی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل