توركیا و سووریا هێزی سەربازی بۆ هێرشكردنە سەر هەسەدە كۆ دەكەنەوە

:: PM:06:20:09/12/2025 ‌

دوای ئەوەی لە 10ی ئاداری ئەمساڵ، واتە چەند مانگێك لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، هەسەدە و حكوومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق رێككەوتنێكی هەشتخاڵیان بۆ دیاریكردنی پێوەندیی ناوچە و هێزەكانیان واژوو كرد، دوا وادەش بۆ جێبەجێكردنی كۆتایی ئەمساڵە، بەڵام تا ئێستە  گفتوگۆ هەیە و رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، لە بەرانبەردا سوپاكانی توركیا و سووریا هێز لە سنوورەكانی هەسەدە كۆ دەكەنەوە و ئەگەری هێرشێكی فرەوان هەیە.

زانیارییە مەیدانییەكان ئاماژە دەكەن كە هەردوو سوپای توركیا و سووریا لە بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەسەدە خۆیان ساز كردووە و هێزێكی زۆریان كۆ كردووەتەوە وەك ئامادەسازییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازی، لە حاڵەتی هەسەدە رێككەوتنی دیمەشق جێبەجێ نەكات، بەتایبەتی یەكخستنەوەی هێزەكان و رادەستكردنی ناوچەكانی بۆ حكوومەتی سووریا تا كۆتای ئەم مانگە.

میدیاكانی توركیا لە دوو رۆژی دوایی چەند دیمەنێكی كاروانە سەربازییەكانی توركیایان پێشان دا كە بەرەو منبج لە باكور ی رۆژهەڵاتی حەلەب دەچن، لەوكاتەی سوپای سووریا هێزە سەربازییەكانی بەرەو دێرزوور دەبات، ئەو جموجۆڵانەش هاوكاتن لەگەڵ سەردانی سەلجووق بەیرەقدارئۆغڵو سوپاسالاری توركیا و جێگرەكەی بۆ دیمەشق لە رۆژانی هەینی و شەمووی رابردوو و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا و مورهیف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری و سوپاسالاری سووریا.

وەك رۆژنامەی "توركیا"ی نزیك لە حكوومەتی توركیا باسی كرد، سوپای سوریا خۆی بۆ هێرشێكی فرەوان بۆ سەر هەسەدە ئامادە دەكات، هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، كاتێك حەوت فرقە و 80 هەزار سەرباز لە ناوچەكە بڵاو دەكرێنەوە، جگە لە چەكی قورس و درۆن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل