ئێستە هەرسێ ماڵی شیعە و سوننە و كورد خۆیان لەناو كێبەركێیەكی توند دەبیننەوە، لە لایەك لەگەڵ یەكتر و لە لایەكی تر لە ناو خۆیاندا، لە ماوەی دوایی سوننە ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانیان پێك هێنا، كە هێزە سەرەكییە براوەكانی لەخۆ گرتووە و خاوەنی 65 بۆ 70 كورسیی پەرلەمانین، ئەگەر هەیە ژمارەیەكە بۆ 77 كورسی زیاد ببێت، ئەوان هەوڵ دەدەن كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و پۆستەكانیتری بەركەوتەی سوننە دیاری بكەن.
ئێستە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی لە پێنج هێزی سیاسیی براوە لە هەڵبژاردن پێك هاتووە، حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی و هاوپەیمانی عەزمی موسنا سامەرایی و هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانی حەسمی سابت عەباسی و رەوتی جەماوەری ئەحمەد جبووری، ئەوان دەیانەوێ بە هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە قۆرخی بڕیاری سوننە بكەن و پۆستەكانی پێكهاتەكە یەكلا بكەنەوە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی ئێستە شەش كاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەن، محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم و سابت عەباسی و موسەنا سامەرایی و سالم عیساوی و مەحموود قەیسی، بەڵام ئەوانی بە كردەنی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دێت بریتین لە محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم، وەزیری پێشووتری پەروەردە، ئەوانیتر وەك بژارەی هاوسەنگ یان سازان بۆ دواساتەكان هەڵگیراون.