شارەزایان وریایی لە فەرامۆشكردنی مەرجەكانی ئەمەریكا دەدەن

:: PM:08:13:09/12/2025 ‌

ئێستە هێزە سیاسییە عێراقییەكان، بەتایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە سەرقاڵی تاوتوێكردنی ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیران و پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی نوێن، ئەوان جیا لە  بەربەرەكانی ناوخۆیی، گوشاری ئەمەریكا و ئێرانیان لەسەر بۆ دیاریكردنی سەرۆكی حكوومەت و كابینە ویزارییەكەی.

حوسێن ئەسعەد شارەزای كاروباری ستراتیجی وریایی لە مەترسییەكانی پێدانی پۆستی سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكان بە كەسانێكی نزیك لە میلیشیاكان لەبارەی كاردانەوەی ئەمەریكا دەدات و گوتی، هێنانەپێشەوەی چەند ناوێكی پێوەندیدار بە باڵە سەربازییەكان لە حكوومەتی نوێ، راستەوخۆ كار لە سەقامگیریی دۆخی ناوخۆیی عێراق دەكات، پێگەی عێراق لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لاواز دەكات.

دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا هەڵوێستێكی توند و رەتكردنەوەی بۆ پێدانی رۆڵی فەرمی بە كەسانی سەر بە میلیشیاكان لە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە، بۆیە فەرامۆشكردنی ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا دەبێتە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن، بەتایبەتی لە دۆسیە ئابووری و تەناهییە هەستیارەكان.

ئەسعەد ئاماژەی كرد، قۆناغی ئێستەی عێراق پێویست بە بوونی حكوومەتێكی بەهێز و سەربەخۆ لە بڕیارەكانی دەكات، دوور لە دەسەڵات و هەژموونی چەكی بەرەڵا، بۆیە بەشداریپێكردنی ئەو كەسانە ئەگەر بە چەتری سیاسیش بێت، لە رووی نێودەوڵەتی وەك چەسپاندنی دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكان لەناو كایەكانی دەسەڵات حسێب دەكرێت، ئەوەش دەرگە لەبەردەم دابڕانی سیاسییانەی عێراق و لێكەوتەی مەترسیداری ئابووری واڵا دەكات، بۆیە پێویستە كەسانی نیشتمانی و بە توانا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی هاوچەرخ دوور لە گرووپە چەكدارەكان و دەستوەردانی دەرەكی بێنە پێشەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل