هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان راگەیاند و لیژنەیەكی بۆ تاوتوێكردنی ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی نوێ پێك هێنا، سەرەتا باسی 26 كاندیدی دەكرا، دواتر نۆ و ئێستەش پێنج كاندید، بەڵام هەڵوێستی كورد بەرانبەر بە هەر یەك لەو كاندیدانە چییە؟
مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی پارتی دموكراتی كوردستان گوتی، كورد مافی خۆیان دەوێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە كێ دەبێتە سەرۆكی حكوومەتی نوێ، نووری مالیكی یان محەمەد شیاع سوودانی یان حەیدەر عەبادی، كورد لە هەمان دووری لەهەر نۆ كاندیدەكەی سەرۆك وەزیران وەستاوە، جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور مەرجێكی كوردە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
روونی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەكی بەتاڵ بۆ هیچ كاندیدێك بێ جێبەجێكردنی مەرجەكانی واژوو ناكات، بۆ پۆستی سەرۆكایەتیش، نایەوێ بە دوو كاندید بچێتە ناو كێبەركێكەوە، كە ئەو پۆستە سست و خامۆشە و پێویستە كارا بكرێت، دووپاتی كردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی پارتییە بەو پێیەی زیاترین دەنگی لە هەڵبژاردن هێناوە.
خەلیل سەبارەت پێشبینییەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گوتی، بە دووری دەزانین حكوومەتی نوێ پێش مانگی نیسانی داهاتوو بێتە دامەزراندن، هەرچی پارتییە پرەنسیپەكانی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی كردووەتە مەرجی بەشداریكردنی لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.