دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، هێشتا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، كە خۆی وەك گەورەترین فراكسیۆن ناساند، نەیتوانیوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلا بكاتەوە، بەم دواییە شرۆڤەكارێكی سیاسیی شیعە كاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستەكە راگەیاند، ئەو كارە كاردانەوەی رەخنە و گاڵتەجاری لێ كەوتەوە.
لە ماوەی دوایی عادل سەلام كە لە میدیاكانی شیعە وەك شرۆڤەكاری سیاسی مێوانداری دەكرێت، كاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند و ئاماژەی كرد كە نووسراوی كاندیدبوونی پێشكەش ژمارەیەك سەركردەی چوارچێوە كردووە، ئەگەرچی چوارچێوەكە پاڵپشتیی خۆی لە كاندیدبوونی رانەگەیاندووە، بەڵام هەنگاوەكە شەپۆلێك گاڵتەجاڕی و رخنەی لە سۆشیال میدیا دروست كرد، بەوەی ئەو كارە سووكایەتیكردنە لە لایەن هەندێك لایەنی چوارچێوە بە پۆستەكە و بە دەنگی دەنگدەران.
هیلال عوبێدی توێژەری سیاسی دەڵێت، كاتێك كەسێكی قەرەقۆز خۆی وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەخاتە روو، سووكایەتیكردنێكی ئاشكرایە لە لایەن خۆی و ئەو لایەنەی پاڵپشتی دەكات بە پۆستەكە، كە گەورەرتین و گرنگترین پۆستە لە دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دۆسیە سیاسی و ئابوورییەكان بەڕێوە دەبات و دەبێتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان.
روونی كردەوە، خۆخستنەڕووی عادل وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران مایەی سەرسڕمانە، چونكە ئەو هەنگاوە سووكایەتییەكی ئاشكرایە بۆ پۆستەكە و شێواندنی حكوومەت و رژێمی ئێستەیە، لەوەش سەیرتر ئەو سووكایەتییە لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاتووە، كە بەرپرسە لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
عوبێدی دووپاتی كردەوە، زۆرێك لە عێراقییەكانی لە فڕەنسا دەژین كەسایەتیی عادل سەلام دەناسن، دەزانن كە كەسێكی بێ بەهایە و هیچ پاشخانێكی زانستی و رۆشنبیری نییە و ناوبانگ و ئاكاری لەسەر ئاستی ئەخلاقی كەسیی خراپە، بۆیە پێویستە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سنوورێك بۆ ئەو سووكایەتییە بە پۆستی سەرۆك وەزیران دابنێن.