ئینتیفاز قه‌نبه‌ر توێژه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار ئاشكراى ده‌كات، میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق له هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه له رێگه‌ى دوو كه‌سایه‌تییه‌وه، ده‌ست به‌سه‌ر وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقدا بگرێت، ئه‌م هه‌وڵه‌یش مێژووییه‌كى درێژى هه‌یه و پێشتریش له سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تیى بایدن، به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا له‌م بابه‌ته ئاگادار كراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ى كانوونى یه‌كه‌م،
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر ڤیدیۆیه‌كى له ئه‌كاونتى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاشكراى ده‌كات، عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق به‌سه‌رۆكایه‌تى قه‌یس خه‌زعه‌لى، ده‌یه‌وێ له كابینه‌ى داهاتوودا وه‌زاره‌تى نه‌وتیان ده‌ست بكه‌وێ. قه‌نبه‌ر روونى ده‌كاته‌وه، پێشتر ئه‌مه‌ى به په‌یامێك له ئێكس بڵاو كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ڤیدیۆكه‌دا هه‌وڵ ده‌دات چه‌ندان به‌ڵگه بخاته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ریبخات هه‌وڵى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى وه‌زاره‌تى نه‌وت بۆ میلیشیاكانى ئێران له سه‌رده‌مى حكوومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى، ده‌ستى پێ كردووه و حكوومه‌تى بایدنیش له ئه‌مه‌ریكا له‌و بابه‌ته ئاگادار كراوه‌ته‌وه.
به‌ر له خستنه‌ڕووى به‌ڵگه‌كان قه‌نبه‌ر روونى ده‌كاته‌وه، عه‌سائیب خۆى له پشتى دوو كه‌س حه‌شار داوه، كه به‌گوێره‌ى به‌ڵگه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ئه‌و دوو كه‌سه قاچاخچێتیى نه‌وت ده‌كه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندى سوپاى پاسدارانى ئێران، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له عه‌لى مه‌عارج و باسم خزه‌یره كه یه‌كه‌میان بریكارى وه‌زاره‌تى نه‌وته له حكوومه‌تى ماوه به‌سه‌رچووى سوودانییه.
دواتر ئینتیفاز قه‌نبه‌ر باسى ئه‌وه ده‌كات، سێ نامه‌ى ئاگاداركردنه‌وه له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه به‌رز كراونه‌ته‌وه، باس له كاره‌كانى ئه‌و دوو كه‌سه ده‌كه‌ن. نامه‌یه‌كیان له 2023 بووه، دووه‌كه‌ى تر له 2024 بووه، ئاراسته‌ى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا كراون و له پێشێلكارییه‌كان ئاگادار كراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه كراوه میلیشیاكان ده‌یانه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر وه‌زاره‌تى نه‌وتدا بگرن.
به‌ڵگه‌یه‌كى تر توێژینه‌وه‌یه‌كه له‌لایه‌ن مایكڵ نایتس توێژه‌رى به ناوبانگى ئه‌مه‌ریكى نووسراوه، توێژینه‌وه‌كه ئاراسته‌ى ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كراوه، ئینتیفاز قه‌نبه‌ر باس له‌وه ده‌كات خۆى یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ى به پێدانى زانیارى، هاوكاریى كۆنگرێسمانه‌كانى كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پیلانه‌ى میلیشیاكان ئاشكرا بكات.
ئه‌و توێژه‌ره سیاسییه روونى ده‌كاته‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه عه‌سائیب ده‌یانه‌وێ وه‌ك رواڵه‌ت به‌كاریان بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى پۆسته‌كه وه‌ربگرن، كه‌سانى ناسراون له واشنتن، بۆیه‌یش ئێسته وه‌ك سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى بایدن نییه و سزادانیان ئاسانه. هه‌روه‌ها دووپاتیشى ده‌كاته‌وه كه عه‌سائیب تاكه لایه‌ن نییه هه‌وڵ بدات ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا بگرێت، چونكه وه‌زاره‌تى نه‌وت به‌گوته‌ى ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، "وزاره‌تى پاره و دزینه".
هاوشێوه‌ى ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، له سێى ئه‌م مانگه ماڵپه‌ڕى
ئیره‌م نیوزى ئیماراتى ئاشكراى كرد، لایه‌نه‌كانى سه‌ربه ئێران هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى چه‌ند وه‌زاره‌تێك ده‌ده‌ن، له‌وانه وه‌زاره‌تى كاره‌با و وه‌زاره‌تى نه‌وت و ده‌راوزه سنوورییه‌كان.