سه‌نته‌رى مافى مرۆڤ: توندوتیژى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ عێراق 12% زیادى كردووه‌

:: PM:01:21:10/12/2025 ‌
سه‌نته‌رى ستراتیجى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، له‌ عێراق كرده‌ تیرۆریستییه‌كان كه‌مى كردووه‌، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا رێژه‌ى توندوتیژیى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوودا به‌ رێژه‌ى 12% زیادى كردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ى كانوونى یه‌كه‌م، له‌ رۆژى جیهانى مافى مرۆڤ، حازم ردێنى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێ، "رێژه‌ى كرده‌ى تیرۆریستى به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو 38% كه‌مى كردووه‌، كه‌چى توندوتیژیى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ 12% زیادى كردووه‌".

سه‌رۆكى سه‌نته‌رى ستراتیجى مافه‌كانى مرۆڤ، ئامارى ئه‌وتۆى خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن ساڵ له‌ دواى ساڵ، توندوتیژیى زیاتر ده‌بێت، له‌وانه‌ له‌ 2024دا  زیاتر له‌ 13 حاڵه‌تى توندوتیژى خێزانى تۆماركراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ به‌راورد به‌ ساڵى 2023، به‌ نزیكه‌ى 8% زیادى كردووه‌.  

له‌ دۆسیه‌ى منداڵانیش له‌ 2024دا نزیكه‌ى نۆ هه‌زار كه‌یس هه‌یه‌ بۆ چه‌وسانه‌وه‌ى منداڵان له‌ بوارى ئابوورى و كارپێكردنیان. 

له‌ رووى ئازادى راده‌ربڕینیش عێراق له‌سه‌ر ئاستى دنیا، له‌ ریزبه‌ندى 155مینه‌ و له‌ رووى ژینگه‌ییشه‌وه‌ عێراق رووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌غدا له‌ ریزى 13مین پیسترین شاره‌كانى دنیایه‌.

 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل