سوننە تاوتوێی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن

:: PM:05:09:10/12/2025 ‌

ئێستە كێشەیەكی گەورە لەناو هەرسێ پێكهاتەی شیعە و سوننە و كورد لەسەر دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ سێ پۆستە سەرەكییەكە هەیە، ئەوان جیا لە گوشاری ناوخۆیی، لەناو پێكهاتەكان و هێزە براوەكان لە دەرەوەی پێكهاتەكان، گوشاری ئەمەریكا و ئێرانیشیان لەسەرە بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانیان، دوای ئەوەی لەم رۆژانە شیعە خۆیان یەكلا كردەوە، بڕیارە سوننەش خۆیان یەكلا بكەنەوە.

عەزام حەمدانی سەركردە لە هاوپەیمانی عەزمی سوننە ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی وادەیەكیان بۆ سێیەم كۆبوونەوەیان دیاری كردووە، كە دانیشتنەكە تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی سوننەیە.

روونی كردەوە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنەكە هەفتەی رابردوو لە ماڵی محەمەد حەلبووسی لە بەغدا كۆبووەوە، بڕیارە سبەی پێنجشەم یان یەكشەمی داهاتوو لە ماڵی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم سێیەم كۆبوونەوە بێتە سازكردن، لە دانیشتنەكە تاوتوێی پۆستەكانی تایبەت بە پێكهاتەی سووونە دەكرێت، بەتایبەتی سەرۆكی پەرلەمان و وەزارەتەكان.

حەمدانی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە بەفەرمی ناوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان تاوتوێ نەكراوە، بەڵام پێشبینی هەیە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجووومەنی سیاسیی نیشتمانی تاوتوێی ناوی كاندیدانی پۆستەكە بكرێت، كە پێمان وایە پێویستە كەسێكی مشتومڕلەسەر نەبێت، بە هەمان شێوە لە لایەن شیعە بۆ سەرۆك وەزیران و لە لایەن كورد بۆ سەركۆمار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل