پێ دەچێت لە دوای سووریا و لبنان، گۆڕانكاری بە ئاراستەی لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران و میلیشیاكانی یەمەنیش بگرێتەوە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی لە یەمەن رای گەیاند كە رزگاركردنی پارێزگای بەیزا لە حوسییەكان، گرنگی لەپێشینەی هەیە بۆ مسۆگەركردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و وا بكات رۆڵەكانی ناوچەكە وڵاتەكەیان بەڕێوە ببەن.
عیدرووس زوبێدی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سەرۆكایەتی لە یەمەن لە دیدارێكی لەگەڵ پارێزگاری بەیزا گوتی، ئێمە لەوپەڕی ئامادەسازیداین بۆ ئەوەی توانا سەربازییەكان و شارەزایی شەڕوانیمان بخەینە خزمەت و پاڵپشتیی ئێوە، دەبینە هاوبەش لەگەڵ ئێوە لەو شەڕە پیرۆزەدا بۆ ئازادكردنەوەی خاكەكەتان و پاككردنەوەی لە حوسییەكان، ئەوە بەڵێنی ئێمەیە بۆ ئێوە لە شەڕەكەتان لە دژی حوسییەكان.
روونی كردەوە، ئامانجی داهاتوو بریتییە لە سەنعای پایەتەخت، جا بە ئاشتی بێت یان بە شەڕ، بۆ ئەوەی مافی بۆ خاوەنەكەی بگەڕێتەوە، چونكە كاتی شەڕی لابەلا بەسەر چووە و ئەو شادەمارەی پاڵپشتی بۆ حوسییەكان لە ناوچەكانی باشووری یەمەن دابین دەكرد، پچڕا، ئەو سەقامگیرییەی لە باشوور هەیە، دەبێتە دەستپێكی شەڕێكی رژد بۆ ئازادكردنی باكور لە حوسییەكان، دووپاتی كردەوە كە باشووری یەمەن بۆ پڕۆژەی عەرەبی و بڕینی باڵی ئێران لە ناوچەكە و كۆتاهێنان بە هەڕەشەكانی حوسی بۆ هاتوچۆی دەریاوانی و وڵاتانی دراوسێ وەفادارە.