دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، تا ئێستە حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە بە نەفەسێكی دیموكراسی و نزیك لەوەی ئەمەریكا و رۆژئاوا دەیانەوێ هەڵسوكەوت بكات، بەتایبەتی بەرانبەر پێكهاتە سەرەكییەكانی وەك كورد و درووز و عەلەوییەكان، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا باسی یەكخستنەوەی هێزەكانی هەسەدە و دیمەشق دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم
ئەدمیراڵ براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی تایبەت بە هەوڵەكانی نەهێشتنی داعش گوتی، یەكخستنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا ئاسایشی ناوخۆیی سووریا بەهێزتر دەكات، واشنتن هەوڵی زیادكردنی هاریكاری لەگەڵ سوپای سووریا لە دۆسیەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوورەكان دەدات، لە بەرژەوەندیی هەردوولایە پارێزگاری لە سەقامگیریی ناوچەكە بكرێت و قۆناغی داهاتوو پێویستیی بە هاوئاهەنگی زیاترە بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.
لە یەكەم ساڵوەگەڕیی رووخانی بەشار ئەسەد، دوێنێ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، واشنتن پاڵپشتی لە سووریایەك دەكات كە گەشەسەندوو و ئاشتیخواز بێت و پێكهاتەكانی بگرێتە خۆی و ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێكانیدا بژیت، ئەو ستایشی هەنگاوە گرنگەكانی حكوومەتی سووریا و گەلی ئەو وڵاتەی لە قۆناغی راگواستن كرد.
هاوكات لەگەڵ ئەو راپۆرتانەی باسی كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە لایەن توركیا و سووریا لە نزیك ناچەكانی هەسەدە دەكەن، رۆبیۆ دووپاتی كردەوە، لە یەكەم ساڵوەگەڕیی كەوتنی رژێمی بەشدار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا بەر لە ساڵێك، گەلی سووریا لاپەڕیەكی نوێی لە مێژووەكەی هەڵدایەوە، ئەمڕۆش بەو هەنگاوە گرنگەی حكوومەت و گەلی سووریا دەزانین لە چوارچێوەی پرۆسەی گۆڕانكاری لە سووریا و ئەو پاڵپشتییەی هاوبەشانی نێودەوڵەتی پێشكەش ئێمەیان كردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ستایشی خۆراگریی گەلی سووریای كرد و دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتیی لە سووریایەكی گەشەسەندوو و ئاشتیخواز بە هەموو پێكهاتەكانی دەكەین كە ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێكانی بژیت.