دواى ئاژاوه‌ى رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراق كه بۆ یه‌كه‌مجار له عێراق به "هه‌ڵه" ده‌نرا و بۆ مه‌به‌ستى سیاسى به‌كار هێنرا. ئه‌مجاره به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فایه‌ق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له عێراق، بڕیارێكى ده‌ركردووه، بێ ئه‌وه‌ى فایه‌ق زێدان ئاگادار بێت، بۆیه ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى دادوه‌رى له عێراق روونكردنه‌وه ده‌كات و به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌كه سه‌ركۆنه ده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 11ى كانوونى یه‌كه‌م، ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى دادوه‌رى له عێراق، نووسراوێكى ئاراسته‌ى كه‌رار عه‌بدولئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى كردووه، سزاى سه‌ركۆنه‌كردن "توبیخ"ى به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنێ و ئاگاداریشى ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر جارێكى تر هه‌ڵه‌ى له‌م جۆره دووباره بكاته‌وه، ئه‌وا به دوورخستنه‌وه سزا ده‌درێت.
هۆكاره‌كه‌یش ئه‌و نووسراوه‌یه كه دوێنێ له میدیاكانى عێراق بڵاو كرایه‌وه، تێیدا به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فایه‌ق زێدان، داوا له داواكارى گشتى ده‌كات سكاڵا له دژى هه‌ر كه‌سێك بجووڵێنێ كه باسى كه‌وتنى سیستمى سیاسى و گۆڕینى بكات. نووسراوه‌كه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى دادوه‌رى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، "له میانه‌ى لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وتووه، كه‌رار به خواستنى خۆى ده‌سته‌واژه و داڕشتنى به‌كار هێناوه، پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه بووه كه له‌لاى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى دادوه‌رى هه‌بووه، هه‌روه‌ها نووسراوه‌كه‌ی پێشانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى نه‌داوه، به شێوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی نووسراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ى راوبۆچوونى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى بێت كه له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن و پاراستنى ئازادى راده‌ربڕین دانراوه، ده‌ستووریش ده‌سته‌به‌رى كردووه".
دوێنێ له میدیاكانى عێراقدا، ناڕه‌زاییه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و نووسراوه دروست بوو كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فایه‌ق زێدان ئاراسته‌ى داواكارى گشتى كردووه، كه‌چى له نووسراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى دادوه‌ریدا ده‌رده‌كه‌وێت، فایه‌ق زێدان ئاگادارى ئه‌و بابه‌ته نییه. له ماوه‌ى مانگێكدا دووه‌م جاره ئه‌م ئاژاوه‌یه له بوارى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له عێراقدا روو بدات كه هه‌ندێك له چاودێران و شاره‌زایان، به بابه‌تێكى مه‌ترسیدارى ده‌زانن.
بابه‌تى یه‌كه‌م هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بوو، ئه‌ویش كاتێك كه رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بڵاو كرایه‌وه، بڕیارێكى تێدا بوو كه حزبوڵاى لبنانى و ئه‌نساروڵاى یه‌مه‌نى ده‌خاته لیستى تیرۆره‌وه. كه‌چى دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڕیاره‌كه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و گوایه "هه‌ڵه"ى چاپ بووه و بابه‌ته‌كه هه‌ڵه‌چنى نه‌كراوه. ئه‌و كاتیش چاودێرانى سیاسى ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌و دۆسیه‌یه پێوه‌ندیى به ململانێى سیاسییه‌وه هه‌یه و بۆ ئه‌م ئامانجه‌یش ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به‌كار ده‌هێنرێت. به‌شێوه‌یه‌ك له ماوه‌ى 103ساڵدا وه‌قائیع به هه‌ڵه دانه‌نراوه، كه‌چى به هۆكارى سیاسى ئه‌مجاره له متمانه‌ى رۆژنامه‌كه درا.
بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مه‌ریكا هێرش ده‌كاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له عێراقدا
دوێنێ
جۆ ویڵسن ئه‌ندامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا له په‌یامێكدا كه باسى بارودۆخى عێراقى كردبوو، له بڕگه‌یه‌كدا هێرشى كردبووه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق و به‌وه تۆمه‌تبارى كردبوو، چه‌ندان "دادوه‌رى گه‌نده‌ڵى" تێدایه، ره‌خنه‌ى له فایه‌ق زێدانیش گرتبوو كه گوایه به هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئێران بڕیار ده‌دات.
كه‌چى له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانه ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، لێدوانى بۆ كه‌ناڵى وه‌ن نیوز داوه و تێیدا دووپاتى كردووه‌ته‌وه، بۆچوونى ئه‌ندامانى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر عێراق گوزارشت له بۆچوونى فه‌رمى ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریكا ناكات، ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده به هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا رێز له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق ده‌گرێت.
گومان له خودى زێدان ده‌كرێت !
زۆربه‌ى ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى دوێنێیان بڵاوكردووه‌ته‌وه، نووسراوه‌كه‌یان به ناوى فایه‌ق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه‌چى هه‌ندێك كه‌سى تر به‌رگرى له زێدان ده‌كه‌ن. له‌وانه ئیحسان شه‌مه‌رى نووسه‌ر و مامۆستاى زانكۆ په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه،"بۆ مێژووى.. له ساڵى 2024 كاتێك به فایه‌ق زێدان گه‌یشتم ئه‌و كات هه‌ندێك ئاماژه‌م لا بوو كه ئاراسته‌ى گشتى به‌ره‌و سنوورداركردنى ئازادى راده‌بڕین ده‌چێت. بۆ ئه‌مانه‌ت ئه‌و كات به‌ڵێنى دا دادوه‌رى رێگه به‌وه نه‌دات ده‌ست بۆ ئه‌و مافه دیموكراسییه ببرێت".