ئێستە ناو ماڵی شیعە لە خراپترین دۆخیدایە، دەركەوت ئەوان لە ئاستی قۆناغەكەدا نین و جیا لەوەی لە داهاتوو عێراقیان بەرەو دەیان تەنگژەی سەخت بردووە، هیچ پلان و چارەسەرییەكیشیان بۆ ئێستە و داهاتوو نییە، لەوەش گرنگتر بوێری بڕیاردانیان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران نییە، تاكە بژارەی بەردەم شیعە بەسەربردنی كاتە لە رێگەی بەڵێنی ناوخۆیی و دەرەكی، ئێستە میلیشیاكان لە نێوان سوودانی و مالیكی تووشی سەرسڕمان بوونە.
بەپێی
سەرچاوە سیاسییەكان، سەركردەی میلیشیا شیعەكان ڤیتۆیان بۆ كاندیدبوونەوەی سوودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران داناوە، چونكە ئەو چیتر نوێنەری پڕۆژەی مقاوەمە ناكات، بەتایبەتی كە لە ماوەی دوایی بە روونی لەبارەی هەڵوێستی بەرانبەر بە میلیشیاكان بە لای واشنتن لار بووەتەوە، بۆیە سەركردەی میلیشیاكان بەر لە چەند رۆژێك لە بەغدا كۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی دانانەوەی سوودانی هێڵی سوورە.
بەپێی سەرچاوەكان لەو كۆبوونەوە لیستێك بە تۆمەتەكانی ئاراستەی سوودانی كراون خراوەتە روو، لەوانە شەرعیەتدانی سیاسی بە بڕیاری سزادانی حزبوڵا و حوسییەكان، كە دەربڕینی نیازپاكیی سوودانییە بۆ ئەمەریكییەكان، جیا لە داواكردنی بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كە شەرمەزارییە بۆ خوێنی شەهیدان، بەتایبەتی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیش، ئەوەش گەیشتنە بە خاڵێك كە گەڕانەوەی نییە، بۆیە هەرچەند ئەمەریكا و ئێران گوشار بكەن، بەرەی مقاوەمە رێگە بە دانانەوەی سوودانی نادات.
لای خۆیەوە نزار حەیدەر شارەزا و شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئێستە واشنتن تاوتوێی تواناكانی مالیكی بۆ جێبەجێكردن و پابەندی بە بەڵێنەكانی بۆ ئیدارەی ئەمەریكا دەكات لە حاڵەتی پاڵپشتیكردنی بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، واتە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
شایەنی باسە لە ماوەی دوایی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نامەیەكی بۆ ئیدارەی ئەمەریكا رەوانە كردووە و تیایدا بەڵێن دەدات ئەگەر پاڵپشتی بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراق ئەو خاڵانە جێبەجێ دەكات، چوونی عێراق بۆ رێككەوتننەكانی ئیبراهیمی، كۆتاهێنان بە هەموو جۆرەكانی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، لێكهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان و دامالینی چەكیان و بچووككردنەوەی ئەوانەشی بەشدارییان لە هەڵبژاردن كردووە، بەتایبەتی ئەو گرووپانەی ئەمەریكا سزای داون.
جیا لەوانە، پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هێرشە چەكدارییەكان كە میلیشیاكان ئەنجامی دەدەن، پێنەدانی هیچ وەزارەت و دەزگە تەناهی و هەواڵگرییەكان بۆ كەسانی نزیك لە میلیشیاكان، دەرگەی وەبەرهێنان بە تەواوەتی بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا واڵا بكات، بنیاتنانی پێوەندی و هاوبەشیی بازرگانی درێژخایەن لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و توركیا بەتایبەتی، باشكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ سووریا.