سوننە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان پەنا بۆ قەتەڕ دەبەن

:: PM:06:50:11/12/2025 ‌

ئێستە لە هەرسێ ماڵی سوننە و شیعە و كورد كێبەركێ و گفتوگۆ و مشتومڕ و بەربەرەكانی لەسەر پۆستەكان هەیە، بەتایبەتی پۆستە باڵاكان، دوور لەو هەواڵ و راپۆرتانەی باسی گەڵاڵەكردنی نەخشەیەك بۆ پێكهاتەی حكوومەتی نوێ و سەرۆك و وەزیرەكانی و بەرنامە حكوومەتییەكە بە سازانی ئەمەریكا تا رادەیەك ئێران، لە سایەی گوشارە توندەكانی سەری دەكرێت، سوننە روویان لە قەتەڕ كردووە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیان.  

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە پێنج هێزی سیاسیی براوە لە هەڵبژاردن پێك هاتووە، حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی و هاوپەیمانی عەزمی موسنا سامەرایی و هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانی حەسمی سابت عەباسی و رەوتی جەماوەری ئەحمەد جبووری، ئەوان هەوڵ دەدەن بۆستەكانی سوننە لە نێوان خۆیان یەكلا بكەنەوە.

بەپێی ئەو ئاراستانەی لە ناو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە هەن، هێزەكانیان باكگڕاوەندێكی توركی و قەتەڕی و ئێرانیان هەیە، بۆیە بۆ راوێژكاری بۆچوونی ئەو وڵاتانە وەردەگیرێت، لە ماوەی دوایی و لە هەنگاوێكی كتوپڕ هەریەك لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە لە قتەڕ بە سەرپەرشتیی تەمیم بن حەمەد میری ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ لێكنزیككردنەوەیان و ئاسانكردنی رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان كە حەلبووسی تا ئێستە چاوی لەسەرە.

سەیف سەعدی شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە سەردانەكەی حەلبووسی و خەنجەر بۆ قەتەڕ و دیداریان لەگەڵ میری ئەو وڵاتە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق دێت.

روونی كردەوە، كۆبوونەوەكەی دۆحە پرۆتۆكۆلی نەبوو، بەڵكو بەشێكە لە گفتوگۆیەكی قووڵ بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی یەكگرتووە لە ناو ماڵی سوننە، بەڵام وەك نزیكترین سیناریۆ، مانەوەی پۆستەكەیە لای حزبی تەقەدوم، جا لە رێگەی حەلبووسی خۆی بێت یان شوێنگرەوەیەكی لەو حزبە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل