سیناریۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چین؟

:: PM:07:24:11/12/2025 ‌

هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق پەسند نەكراوە، هێزە سیاسییەكانی هەموو پێكهاتەكان خەریكی گفتوگۆن بۆ دیاریكردنی كاندیدانیان، ئەوان هەوڵ دەدەن بە یەك پاكێج و زوو تێپەڕی بكەن، سەرچاوەیەك باسی سیناریۆكانی پێكهاتنی حكوومەتەكە لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە دەكات.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی باڵا سێ سیناریۆی گریمانكراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەن، یەكەمیان یەكلاكردنەوە و رێككەوتن و سازان لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە شێوەیەك میلیشیاكان و نووری مالیكی و قەیس خزعەلی كاندیدێكی ناوەند دیاری بكەن، بە شێوەیەك سوودانی دوور بخەنەوە، ئەوەش ئێستە نزیكترین سیناریۆیە، بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی ئێران و رێككەوتن لەگەڵ كورد و سوننە هەیە.

دووەم سیناریۆ بریتییە پێداگریی میلیشیاكان و دابەشبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی ئەگەر هەردوو باڵی مالیكی و سوودانی لەسەر دانانەوەیان مكوڕ بوون، ئەوەش دەبێتە یەكەم ترازانی ئاشكرای چوارچێوەی شیعە لەوەتەی دامەزراوە و پێكهێنانی حكوومەت بۆ چەند مانگێك دوا دەخات، رەنگە دۆخەكە بەرەو داخرانی سیاسی و ململانێی سیاسی و تەناهی بچێت.

سێیەم سیناریۆ پێكهێنانی حكوومەتێكە دوور لە میلیشیاكانە، واتە تەكنۆكرات، كە ئێستە واشنتن ئەوە تاوتوێ دەكات، واتە حكوومەتەكە هیچ لە نوێنەر و سەركردەی میلیشیاكانی تیادا نەبێت، لە بەرانبەر پاڵپشتییەكی گەورەی ئابووری بۆ عێراق، لەوكاتەی دۆخی ئابووریی عێراق روو لە خراپییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان میلیشیاكان رێگە بە دوورخستنەوەیان نادەن و رەنگە پەنا بۆ دروستكردنی كێشە لە پەرلەمان ببەن.

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی نزیك لە ئێران ئاماژە دەكەن كە تاران نایەوێ سوودانی لەدەست بدات، بەڵام هەست بە توڕەیی ناوخۆیی بەرانبەری دەكات، بۆیە هەوڵ دەدات ئیدارەی دۆخەكە بدات و نەگاتە ئاستی شكاندنی ویستی میلیشیاكان بە دوورخستنەوەی سوودانی، بۆیە ئێستە تاران پاڵپشتی لە سیناریۆی سازان لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی شیعە دەكات بۆ دیاریكردنی كەسێكی قبووڵكراو، هاوكات دژی هیچ بڕیاری تری یەكگرتوو لەناو چوارچێوە ناوەستێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل