ئەمەریكا بۆ شیعە: نابێت میلیشیاكان لە حكوومەتی نوێی عێراق بەشدار بن

:: PM:07:51:11/12/2025 ‌

لە سەروبەندی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و سازكردنی كۆبوونەوەیەكی فرەوانی هەموو پێكهاتەكان و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی پۆستە باڵاكان بە یەك پاكێج، هاوكات دەست پێكردنی گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستە وەزارەتییەكان، ئەمەریكا پەیامێكی زارەكی گەیاندە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی لەبارەی میلیشیاكانەوە.

چەند سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی ئاماژەیان كرد كە لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیامێكی گرنگی زارەكی لە ئەمەریكاوە بە دەست گەیشتووە سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەوە لەوكاتەی چوارچێوەكە خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو 10 خاڵە سەرەكییە ئامادە دەكات، كە دەبنە بنەمای گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ سوننە و كورد.   

بەپێی سەرچاوەكان، پەیامەكەی ئەمەریكا چەند خاڵێكی سەرەكی و مەرجی لەخۆ گرتووە، لەوانە نابێت میلیشیاكان بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق بكەن، واشنتن نایەوێ راستەوخۆ بێتە ناو بابەتی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ، هەروەها هیچ لارییەكی لەسەر ئەو ناوانە نییە كە وەك كاندید باسیان دەكرێت، بەڵام هاریكاریی حكوومەتێك ناكات كە میلیشیاكان تیایدا بەشداری بكەن، هەر سەرۆك وەزیرانێك كە پۆستەكەی بۆ یەكلا ببێتەوە، واشنتن دەیخاتە بەردەم دیدێكی روون بۆ سیاسەت و پێویستییەكانی بنیاتنانی متمانە لە نێوان بەغدا و واشنتن.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە پەیامەكەی ئەمەریكا وریاییەكی ئاشكرای تیادا بوو كە هەر ئاستێكی هاریكاریی ئەمەریكا لەگەڵ حكوومەتی داهاتووی عێراق، پشت بە ئاستی پابەندبوونی بە بەڵێنەكانی لەسەری رێككەوتوون دەبەستێت، بەتایبەتی دۆسیە تەناهییەكان و ئیدارەدانی پێوەندییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پابەندییە داراییەكان، واشنتن بەرهەڵستیی بەشداریكردنی هێزەكانی نزیك لە میلیشیاكان لە حكوومەتی داهاتوو دەكات و نابێت وەزارەتی سیاسی پۆستی هەستیاریان پێ بدرێت كە كار لە هاوسەنگیی پێوەندییەكانی دەرەوە بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل