ساڵی نوێ دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە دەست پێ دەكات

:: PM:08:25:11/12/2025 ‌

دوای ئەوەی یەكەم قۆناغی رێككەوتنی ئاشتی لە غەزە بە سەركەوتووی كۆتایی هات، ئەمەریكا بە نیازە دووەم قۆناغی پلانەكەی ترەمپ بۆ غەزە دەست پێ بكات، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە سەرۆكی ئەمەریكا بە نیازە جەنەراڵێكی ئەمەریكی وەك سەركردەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە دیاری بكات كە بۆ پاراستنی ئاسایشی غەزە پێك دەهێنرێت.

بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕ، ئەمەریكا بە نیازە دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە دەست پێ بكات، كە كشانەوەی زیاتری سوپای ئیسرائیل لە غەزە و بڵاوكردنەوەی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری لەوێ و دەستكردن بە بنیاتنانی دەسەڵاتێكی نوێ بۆ غەزە بە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی ئاشتی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و دووركەوتنەوەی حەماس و داماڵینی چەكی پێك دێت.

ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە ترەمپ بە نیازە جەنەراڵێكی ئەمەریكی بۆ سەركردایەتیی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە دیاری بكات كە ئەركی پاراستنی سەقامگیری لە غەزە لە دووەم قۆناغی پلانەكەی ترەمپ دەگرێتە دەست، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی كۆشكی سپی رایان گەیاندووە كە هیچ هێزێكی ئەمەریكی ناچێتە غەزە. 

بڕیارە ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی كە هێشتا دیاری نەكراوە، لەو ناوچانە بڵاو بكرێتەوە لە غەزە كە بەدەست ئیسرائیلەوەیە، ئیسرائیلیش بە وڵاتانی ئەوروپای گوتووە ئەگەر ئەوان هێزی خۆیان رەوانەی غەزە نەكەن ئەوە هێزەكانی ئیسرائیل لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.

لە لایەكی تر دوێنێ ترەمپ رای گەیاند كە ئەگەری هەیە لە سەرەتای ساڵی نوێ ناوی سەركردەكانی دنیا كە بەشداری لە ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەزە دەكەن، بێتە راگەیاندن، بەپێی زانیارییەكان ئەوان لە ژمارەیەك سەركردەی وڵاتان پێك دێت و ترەمپ سەرۆكایەتیی دەكات.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل