ئیسرائیل فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی حەماسی كوشت

:: PM:04:53:13/12/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە غەزە و ئامادەسازی بۆ جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كەرتەكە، ئەمڕۆ درۆنێكی ئیسرائیلی بە مووشەك فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی حەماسی لە رۆژئاوای غەزە كردە ئامانج و كوشتی.

بەپێی میدیاكان، ئەمڕۆ شەموو درۆنێكی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێكی لەسەر رێگەی رەشید لە رۆژئاوای كەرتی غەزە بە چوار مووشەك كردە ئامانج، بەپێی هەواڵەكان لەو بۆردمانەدا چوار كەس كوژراون، لەوان رائید سەعد بەرپرسی دروستكردنی چەك و فەرماندەی باڵای سەربازی و دووەم كەسایەتیی حەماس، جیا لەوە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند هێرشێكی تریان لە ناوچە جیاجیاكانی كەرتی غەزە ئەنجام داوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی بزووتنەوەی حەماس لەوەتەی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەزە جێبەجێ كراوە لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو، 386 فەلەستینی كوژراون و زیاتر لە هەزاریش بریندار بوونە.

لە لایەكی تر میدیاكان لە چەند سەرچاوەیەكی فەلەستینیان گواستەوە كە محەمەد ئەبو حوسێن بەرپرس لە دەزگەی هەواڵگریی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس دوای برینداربوونی بەر لە 10 رۆژ، ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا، كە لە لایەن سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی مەواسی لە باشووری كەرتی غەزە كرابووە ئامانج.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل