كەتیبەكانی حزبوڵا: بایكۆتی ساڤایا بكەن

:: PM:07:10:13/12/2025 ‌

بەر لە هاتنی بۆ عێراق، مارك ساڤایا لە رێگەی تویت و پەیامەكانی كارنامەی خۆی راگەیاند و ئاگری لە ناو ماڵی شیعە و میلیشیاكان كردەوە، ئەوەش وای كردووە هێزە سیاسییە شیعەكان هەوڵی خۆنزیككرنەوە لە گەڵی بدەن، هەرچی میلیشیاكانن، هەڵوێستی جیاوازیان هەیە، كەتیبەكانی حزبوڵا كە توندڕۆترینیانە، ساڤایا بە لادەر وەسف دەكات و داوا لە سیاستەوانان دەكات پێوەندیی پێوە نەكەن.

ئەبو عەلی عەسكەری گوتەبێژ بە ناوی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، دیاریكردنی مارك ساڤایا، ئەو گەنجە رەگەز نادیار و نقوومی ئاكاری لادەرانە، لە لایەن ترەمپ وەك نوێنەری لە عێراق، هەوڵێكە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی بچووك لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆزی ناوچەكەدا، روو لە ساڤایا دەكات و پێی دەڵێ، ئەی سەرەڕۆ، خۆت و سەركردە دەبەنگەكەت لەوە تێبگەن كە عێراق لە ئێوە گەورەترە و لەسەر خاكەكەی سوپای داگیركاری ئێوە شكستی هێناوە، چەندان فەرماندەی سەربازیتان لێرە بوونەتە گاڵتەجاڕ و خەونەكانتان لەناو چوونە. 

دوای ئەو قسانە عەسكەری خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ساڤایا دەدزێتەوە و زیاتر دەڵێت، كەتیبەكانی حزبوڵا رووبەڕووی ئێوە نابنەوە، بەڵكو ژمارەیەك گەنجانی ئەو گەلە ئەو كارە ئەنجام دەدەن و بە ملكەچی بۆ دنیای لادان و بازرگانی كحول و مادەی هۆشبەرت دەگەڕێننەوە، روو لە سیاسەتوانانی عێراقیش دەكات، بەتایبەتی ئەوانەی مێزەریان لەسەرە، بەوەی وا باشترە خۆیان لە پێوەندیكردن لەگەڵ ئەو ناپاكە بۆ عێراق بپارێزن، ئەگینا گەل وەك ناپاك و ئامرازێكی دەستی ترەمپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.    

شایەنی باسە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، واتە بەر لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا مارك ساڤایای وەك نێردراوی تایبەتی لە عێراق دیاری كرد، كە دەبێتە سێیەم نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا لە عێراق لە دوای پۆل بریمەر لە 2003 و بریت مەكگۆرك لە 2014.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل